رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکی هاوخەمی و هاوسۆزیدا، سەرەخۆشیی لە مەغریب دەکات لە بارەی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە کە تاوەکو ئێستا بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی لانیکەم هەزار و 37 کەس.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) بڵاوکراوەتەوە دەڵێت: "بە ناوی گەلی هەرێمی کوردستانی عێراقەوە ئەوپەڕی سەرەخۆشیی ئاراستەی گەلی شانشینی مەغریب دەکەم لە بارەی قوربانیانی بوومەلەرزە وێرانکەرەکە و لەم کاتە سەختەدا هاوبەشی خەمیانم."
نێچیرڤان بارزانی هەروەها دەشڵێت: "داوا لە خوای گەورە دەکەم بەزەیی خۆی بەسەر قوربانیاندا ببارێنێت و بریندارانیش بە چاکبوونەوەیەکی خێرا بگەیێنێت."
رۆژی هەینی، کاژێر 11:11ی خوولەکی شەو بەکاتی مەغریب (کە دەکاتە رۆژی شەممە، کاژێر 1:11ی بەیانی بەکاتی هەولێر) بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.8 پلەی رێختەر مەغربی هەژاند کە چەقەکەی لە شاری مەراکشی رۆژئاوای وڵاتەکە بوو. پاشلەرزەیەکەی دیکە بە گوڕی 4.9 پلە دوای 19 خولەک وڵاتەکەی هەژاندەوە.
بە گوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتی نێوخۆی وڵاتەکە، تاوەکو ئێستا لانیکەم هەزار و 37 کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزار و 204ی دیکە بریندارن کە 721یان لە دۆخێکی مەترسیداردان.
وەزارەتی ناوخۆی مەغریب دەڵێت: "هەوڵەکانی گەڕان و رزگارکردن لە شەوی رابردووەوە بەردەوامن،" هەروەها ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو ستافی نەخۆشخانەکان بانگکراونەتەوە بۆ ئەوەی چارەسەر پێشكێش بە برینداران بکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ