رووداو دیجیتاڵ
گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەریی کردووەتە سەر سەهۆڵبەندانی چیای ئاگری لە باکووری کوردستان، کە پێنج هەزار و 137 مەتر لە ئاستی دەریاوە بەرزە.
شارەزایانی جیۆلۆجی ئاماژە بەوە دەدەن سەهۆڵبەندانی چیای ئاگری لە 35 ساڵی رابردوودا بەڕێژەی 41٪ بچووک بووەتەوە.
ئاگری ئیبراهیم چەچەن، مامۆستای زانکۆیە و لەمبارەیەوە دەڵێ "لە پرۆسەی شیکاری ورددا، بۆمان دەرکەوت لە سەهۆڵبەندانەکەی سەر چیای ئاگری بچووکبوونەوەیەکی گەورە هەیە. سەهۆڵبەندانەکە لە ساڵی 1987 رووبەرەکەی 8.42 کیلۆمەتر چوارگۆشە بوو، ئێستا بۆ 4.96 کیلۆمەتر چوارگۆشە دابەزیوە. ئەمەش بەو مانایەیە بچووکبوونەوەی نزیکەی 41% لە سەهۆڵبەندانەکاندا هەیە."
بەهۆی توانەوەی بەستەڵەکەکانی چیای ئاگری ناوبەناو لافاو لە دامێنی چیاکەدا دروست دەبێت. شارەزایان نیگەرانن و ئاماژە بە مەترسیی ژینگەیی دەکەن.
ئاگری ئیبراهیم چەچەن، مامۆستای زانکۆ هەروەها دەڵێ "بۆ پاراستنی سەهۆڵبەندانەکان، پێویستە پێبنێینە قۆناخێک کە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ نزمترین ئاست کەمبکرێنەوە. لە هەمانکاتدا بتوانین زیندەوەرەکانی ناوچەکە بپارێزین."
توانەوەی سەهۆڵبەندانەکە لەکاتێکدایە چیای ئاگری لە چوار وەرزی ساڵدا میوانداریی هەزاران شاخەوانی نێوخۆیی و بیانی دەکات. ساڵی رابردوو زیاتر لە 20 هەزار شاخەوان بەسەر ئەو شاخەدا هەڵگەڕان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ