گەشتوگوزاری سلێمانی: زیاتر لە 20 هەزار زیارەتکار هاتوونەتە پارێزگاکەمان

09-09-2022
رێبوار عەلی
A+ A-
 
رووداوی دیجیتاڵ 

گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی لەبارەی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی لە رێگەی هەرێمی کوردستانەوە بۆ نەجەف و کەربەلا ئاماژە بەوە دەکات، لە چەند رۆژی رابردوودا زیاتر لە 20 هەزار زیارەتکاری رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران هاتوونەتە پارێزگای سلێمانی و لە رۆژانی داهاتوودا ژمارەکە زیاتریش دەبێت، بەڵام "هیچ سوودێکی ئەوتۆیان بۆ کەرتی گەشتیاری هەرێمی کوردستان نابێت." 
 
ئارام شوانی، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری سلێمانی بە رادیۆی رووداوی راگەیاند: "ئەمە یەکەم ساڵە کە زیارەتکارانی ئێرانی کە دەچن بۆ نەجەف و کەربەلا بە مەبەستی بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن راستەوخۆ لە سنووری هەرێمی کوردستانەوە بێنە نێو وڵات ساڵانی رابردوو زیارەتکاران راستەوخۆ لە دەروازەکانی باشوور و نێوەڕاستەوە دەهاتنە نێو عێراق و بەشدارییان لە رێوڕەسمەکەدا دەکرد، بەڵام ئەمساڵ جیاوازە." 
 
بەگوێرەی گوتەی ئارام شوانی، "تائێستا زیاتر لە 15 هەزار زیارەتکار لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە هاتوونەتە نێو پارێزگای سلێمانی؛ بەڵام بە ئاماری رۆژی پێنج شەممەوە 8-9-2022 رێژەکە دەبێتە زیاتر لە 20 هەزار کەس." 
 
لەبارەی سوودە ئابوورییەکانی هاتنی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ هەرێمی کوردستان، گوتەبێژی گەشتوگوزاری سلێمانی رایدەگەیەنێت، "ئەو زیارەتکارانە هەرچەندە وەک گەشتیار هەژمار دەکرێن، بەڵام لە راستیدا هیچ سوودێکی ئابووریی ئەوتۆیان بۆ سلێمانیی نەبووە، چونکە زیاتر روودەکەنە تەکیەی کەسنەزانی لە سلێمانی و بۆ خواردن و خەوتن لەوێ دەمێننەوە." 
 
ئارام شوانی ئاماژەی بەوەش کرد: ئێستا دۆخی کەرتی گەشتوگوزار بەهۆی وەستانی پرۆژە گەشتیاری و خزمەتگوزارییەکان زۆر باش نییە، چونکە گرنترین پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە بەناوی "پڕۆژەی گەشتیاری شارۆچكەی دوکان" وەستاوە لەکاتێکدا هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ کرابوو، بەڵام بەهۆی ئاڵۆزی و تەنگەژە سیاسییەکان و بێتاقەت بوونی ئەو بازرگانە لەو دۆخە کارەکانی ئەم پڕۆژەیە وەستاوە، کە ئەگەر جێبەجێ بکرابایە دەبوو بە گەورەترین پڕۆژە لەسەر ئاستی رۆژهەڵاتی نێوەراست. 
 
پڕۆژە‌ی گەشتیاریی ‏دوكان پڕۆژەیەكی گەورەی گەشتیارییە بە هاوپشكی لەنێوان ‏حكومەت ‌و كەرتی تایبەت لە قەزای دوکان بە تێچووی یەک ملیار و 600 ملیۆن دۆلار دەكرێت، بەدەستپێکردنی هەزاران هەلیکار دەڕەخسێنێت و بە تەواوکردنیشی دەبێتە گەورەترین پڕۆژەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق. 
 
گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی گشتی گەشتوگوزاری سلێمانی گوتیشی: "سەرەڕای وەستان و جێبەجێ نەکردنی پڕۆژە گەشتیارییەکانی پارێزگای سلێمانی ژمارەی هاتنی گەشتیاران بەردەوام روو لە زیادبوونە، بەشێوەیەک تەنیا مانگی رابردوو زیاتر لە 60 هەزار گەشتیار سەردانی پارێزگاکەیان کردووە." 
 
لەبارەی ژمارەی گەشتیاران لە جەژنی قوربانی ساڵی رابردوو و ئەمساڵ، ئاماژەی بەوە کرد، "ساڵی رابردوو لە جەژنی قوربان 85 هەزار گەشتیار هاتنە سلێمانی، بەڵام بۆ جەژنی قوربانی ئەمساڵ ژمارەکە بۆ سەرووی 120 هەزار گەشتیار بەرزبووەوە، ئەمەش پێویستی بە زیاترکردنی پڕۆژەی دیکەی گەشتیاری هەیە تا ئەو ژمارە زۆرەی گەشتیار لەخۆبگرێت، کە ئێستا سلێمانی خاوەنی زیاتر لە 1500 شوێنی گەشتیارییە بە هۆتێل و مۆتێل و چێشتخانە و رێستورانتەکانەوە، بەڵام هێشتا لە ئاست زۆری ژمارەی ئەو گەشتیارانەدا نییە کە روو لەم سنوورە دەکەن." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

سەرۆک بارزانی

سەرۆک بارزانی بۆ بەرپرسی لقی 22ی پارتی: ئەنجامدەران باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن

سەرۆک بارزانی بە تەلەفۆن لەگەڵ بەرپرسی لقی 22ی پارتی قسەی کرد. سەرکۆنەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلەکەی کرد و رایگەیاند، "ئەنجامدەران و ئەوانەی لە پشتەوەی ئەو کردەوە تیرۆریستییەدان، بەدڵنیاییەوە باجی ئەو کارە تێکدەرەیان دەدەن".