نرخی گەشتی عومرە زیاتر لە 200 دۆلار دادەبەزێت

09-09-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو - هەولێر

نرخی عومرەکردن لە هەرێمی کوردستان لە نزیکەی هەزار دۆلارەوە بۆ 720 دۆلار دادەبەزێت، گوتەبێژی حەج و عومرەش دەڵێت، بە وردەکارییەوە چاودێریی کۆمپانیاکان دەکەن و دەشڵێت، خواستێکی زۆر لەسەر عومرەکردن دروستبووە.
 
رۆژی هەینی 9-9-2022، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "دوای ئەوەی دەرگەمان کردەوە بۆ دانانی کۆمپانیای حەج و عومرە و مەرجەکانمان کەمکردەوە، خەڵکانێکی زۆر هاتن و گرێبەستیان کرد، ئەمەش کێبڕکێی دروستکرد و بووە هۆی دابەزینی نرخی گەشتی عومرە".
 
لە رابردوودا هەرکەسێک بیویستایە کۆمپانیای حەج و عومرە دابنێت، پێویست بوو حەجی کردبێت، بەڵام ئەو مەرجە لابراوە؛ کاروان ستوونی دەڵێت، ئێستا هەرکەسێک چەند عومرەیەکی کردبێت و زمانی عەرەبی بزانێت و بتوانێت گەشت بەڕێوەببات، ئەوە دەتوانێت کۆمپانیای حەج و عومرە دابنێت.
 
ئێستا لە هەرێمی کوردستان 150 کۆمپانیای حەج و عومرە مۆڵەتی فەرمییان وەرگرتووە و کاردەکەن، کاروان ستوونی گوتی، نرخی حەج و عومرە لە مانگەکانی رابردوودا لە 900 دۆلارەوە تاوەکو هەزار دۆلاربوو؛ ئێستا کۆمپانیا هەیە کێبڕکێ دەکات و عومرەکار بە 720 دۆلار دەگوازێتەوە مەککە و مەدینە و ئەوەش بووە بە هۆکاری ئەوەی خواستێکی زۆر لەسەر عومرەکردن دروستببێت.
 
هەر کۆمپانیایەک هاونیشتمانییان بۆ عومرە بباتە وڵاتی سعودیە، دەبێت بەرنامەی کارەکەی و لیستی ناو و ژمارەی تەلەفۆنی عومرەکاران بباتە بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرە؛ گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: "بەوردی چاودێریی گەشتی کۆمپانیاکان دەکەین، رێگەنادەین لەژێر هیچ بیانوویەکدا پارەی زیاتر لەوە وەربگرن لەسەری رێککەوتوون؛ رێگەنادەین بە ئارەزووی خۆیان بیانبەنە هەر هۆتێلێک خۆیان بیانەوێت؛ لە کوردستان و لە سعودیەش لەژێر چاودێریماندان بۆئەوەی باشترین خزمەت پێشکێشی هاونیشتمانییان بکەن".
 
لەجیاتی ئەو بڕە پارەیەی لە هاونیشتمانی وەردەگیرێت بۆ عومرەکردن، کۆمپانیا لەسەریەتی، ڤیزە و تیکتی چوون و هاتنەوەی فڕۆکە، شوێنی مانەوە لە هۆتێل، هاتووچۆی نێوان مەککە و مەدینە و شوێنە پیرۆزەکانی دیکە بۆ عومرەکار بۆ ماوەی 10 رۆژ دابین بکات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

رووداو

پۆلیسی سلێمانی: لەسەر گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێك کارمەندێکی هێزەکانی کۆماندۆ دەستگیركرا

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، لەسەر دۆسیەی گیانلەدەستدانی مێرمنداڵێكی تەمەن 15 ساڵان لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، تۆمەتبارێك کە کارمەندە لە فەرماندەیی هێزەکانی کۆماندۆ، دەستگیركرا و رادەستی هێزەكانی پۆلیس كرا.