بەشێک لە دانیشتووانی کرماشان: رێژەی بێکاری زیاتر بووە و حکومەت هەلی کار ناڕەخسێنێت

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە زۆربەی ئامارەکاندا کە لەبارەی بێکاری بڵاودەبێتەوە، کرماشان لە پلەی یەکەم یان دووەمدا دێت. دانیشتووانی شارەکە دەڵێن، رۆژ بە رۆژ بێکاری زیاتر دەبێت و کەسانێک کە خوێندنی زانکۆ تەواو دەکەن، تەنانەت کرێکاری و دەستفرۆشیشیان دەستناکەوێت، بەهۆی ئەوەی هەلی کار لەو پارێزگایە ناڕەخسێندرێت. 
 
کار پەیداکردن لەنێو شاری کرماشان کارێکی سەختە، گەنجانی ئەو شارە هەر چەند بەدوای کاردا بگەڕێن، زۆریان دەستبەتاڵ دەگەڕێنەوە ماڵەوە.
 
رێژەی بێکاری لە کرماشان بەپێی ئامارەکانی حکومەت 5.14%ـە، بەڵام دانیشتووانی کرماشان دەڵێن، رێژەکە زۆر لەوە زیاترە و هۆکاری ئەوەیە، چەندین ساڵە هیچ هەلێکی کار لە شارەکە نەڕەخسێندراوە.
 
بەگوتەی دانیشتووانی کرماشان، بێکاری بووەتە هۆی ئەوەی لەو شارە رێژەی گەشەی دانیشتووان کەمتر و کەمتر ببێتەوە و رۆژ بە رۆژ خواستی پێکهێنانی ژیانی هاوژینی کەمتر ببێتەوە.
 
رەزا جەمشیدی، فەرمانبەرێکە لە کرماشان و دەڵێت: جێگەی داخە کە لە ناوچە کوردییەکان بێکاری بەم رێژەیە زۆرە و زۆرینەی گەنجان بێکارن. 
 
کرماشان گەورەترین شاری رۆژهەڵاتی کوردستانە و ژمارەی دانیشتووانی سەرووی یەک ملیۆن کەسە. ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی کرماشان بەهۆی بێکاری و بێ هیوابوون لە باشتربوونی دۆخی ژیانیان، شارەکە جێدێڵن.