ئێران بۆردوومان و تۆپبارانی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان لە باڵەکایەتی دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و تۆپ بۆردوومان و تۆپبارانی سنووری سیدەکان و دەڤەری باڵەکایەتی کرد کە بارەگای حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانیان تێدایە. هەڵگورد نەجیب، قایمقامی سۆرانیش بە رووداوی گوت، "هیچ زیانێکی گیانی بە خەڵکی سڤیل نەکەوتووە."
بەپێی زانیارییەکانی رووداو سوپای پاسداران بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆردوومانی ئەو ناوچەیەی لە سنووری سیدەکان و چۆمان کردووە کە پێشمەرگەی حیزبەکانی رۆژهەڵاتی کوردستانی تێدا جێگیرن.
رۆژی دووشەممە 6-9-2021 محەممەد پاکپوور، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای پاسداران رایگەیاند، سەرەڕای چەندینجار ئاگادارکردنەوەی بەرپرسانی هەرێمی کوردستان لەبارەی چالاکیی هێزەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران، هێشتا ئەو هێزانە چالاکییان هەیە و گوتی، دانبەخۆداگرتنی سوپاش کۆتاییهاتووە و کۆماری ئیسلامی "وەڵامێکی تووندی" ئەو چالاکییانە دەداتەوە.
هاوکات رۆژی چوارشەممەش محەممەد تەقی ئۆسانلوو، فەرماندەی قەرارگای حەمزەی سەیدوشوهەدا کە بە کاریگەرترین لقی سوپای پاسداران لە رۆژهەڵاتی کوردستان دادەنرێت، رایگەیاند، "نابێت حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو گرووپانە لە باوەشی خۆی پەروەردە بکات؛ ئێمە بە بەرپرسانی هەرێممان راگەیاندووە کە دەبێت ئەو گرووپانە دەربکرێن".
محەممەد تقی ئۆسانلوو گوتی: "بێگومان هێرش دەکەینە سەر ئەو گرووپانە؛ داوا لە خەڵک دەکەم لە بنکەکانیان دوور بکەونەوە."
لە لایەکی دیکەوە محەممەد مەجید، موختاری گوندی بەربزین بە رادیۆی رووداوی راگەیاند، کاژێر 6:00ی بەرەبەیان دوو فڕۆکە بۆردوومانی گوندی بەربزین و گوندەکانی دەوروبەری دەرهۆڵ و بنپەرێزە و بنی رەشکینیان کرد، دوای ئەوەش بە رۆکێت و تۆپی دوورهاوێژ ناوچەکە تۆپبارانکرا.
موختاری گوندی بەربزین ئەوەشی گوت کە ئەو ناوچەیە خەڵکێکی زۆری لێیە، مەڕوماڵاتێکی زۆریش لەو گوندانە بەخێو دەکرێن، بارەگای هیچ حیزبێکی رۆژهەڵاتی کوردستانیشێ لێنییە، بەڵام لەلایەن ئێرانەوە بۆردوومان و تۆپباران دەکرێت، تا ئێستاش زیانەکان دیار نیین، چونکە هێشتا تۆپباران بەردەوامە بۆیە خەڵکەکە خۆیان حەشارداوە.