پارێزگاری نوێی هەولێر: فرسەت سۆفی

رووداو- هەولێر

دوای 15 ساڵ پارێزگاری هەولێر دەگۆڕدرێت و لەبری نەوزاد هادی، فرسەت سۆفی دەستبەکاردەبێت.
 
سەنگەر عەبدولرەحمان، پەیامنێری رووداو بۆ کاروباری حکومەت و پەرلەمان ئاشکرایدەکات: لە کۆتایی ئەم هەفتەیەدا گۆڕانکاری لە پۆستی پارێزگاری هەولێردا دەکرێت.
 
پەیامنێری رووداو رایگەیاند، بەمزووانە پۆستێکی نوێ دەدرێت بە نەوزاد هادی.
 
نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر یەکێک بووە لە پارێزگارە هەرە نێودارەکانی هەولێر و هەرێمی کوردستان و عێراق لە هەمان کاتدا ئەندامی سەرکردایەتیی پارتیی دیموکراتی کوردستانە.
 
لەجێگەی نەوزاد هادی، فرسەت سۆفی وەک پارێزگاری نوێی هەولێر دەستبەکاردەبێت.
 
فرسەت سۆفی لە خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان یەکێک بوو لە چالاکترین پەرلەمانتارەکان و ئەندامی لیژنەی دەستپاکی بووە.
 
فرسەت سۆفی لە ساڵی 1978 لە چۆمان لە دایکبووە و دکتۆرای لە یاسای نێودەوڵەتی هەیە و ماوەیەک مامۆستا بووە لە زانکۆی سەڵاحەدین.