حكومەت ئەنجوومەنێك بۆ چاكسازی پێكدێنێت

رووداو - سلێمانی 

حكومەتی هەرێمی كوردستان چاوەڕێی بزووتنەوەی گۆڕانە ناوی یاریدەدەری سەرۆكوەزیران بۆ چاكسازی بداتێ، بەڵام ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی ئەو بزووتنەوەیە دەڵێت، بەهۆی گۆڕینی بەربژێرەكەیان بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە، ناوی بەربژێرە نوێیەكەیان هێشتا نەداوەتە سەرۆك وەزیران.
 
دوای تێپەڕینی 280 رۆژ بەسەر هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوول، رۆژی 10/7/2019، كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان متمانەی پەرلەمانتارانی وەرگرت و سەرۆك و جێگر و وەزیرەكانی كابینەی نوێ دەستبەكار بوون، بەڵام هێشتا یاریدەدەری سەرۆكوەزیران بۆ كاروباری چاكسازی دەستبەكار نەبووە. ئەوە لەكاتێكدایە ئەو پۆستە لە كاتی دانوستاندنەكاندا گفتوگۆی زۆری لەسەر كرا و یەكێك لە هۆكارەكانی دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت بوو، چونكە یەكێتی سەرەتا رازی نەبوو سەرۆكی حكومەت بێجگە لە جێگر، یاریدەدەریشی هەبێ‌.
 
سەرچاوەیەكی ئاگادار لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، دواكەوتنی ناوی بەربژێرەكانی گۆڕان و یەكێتی بۆ پۆستەكانی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت، بریكاری وەزیرەكان، ئەنجوومەنی ئاسایش و نوێنەرایەتییەكانی دەرەوە بە كێشە نازانێت. بەڵام دەڵێت "داوا لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەكێتی كراوە، ناوەكانیان رەوانە بكەن بۆ ئەوەی هەموو پۆستەكان پڕبكرێنەوە".
 
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان ژمارەیەك پۆستی بریكاری وەزیر، بەڕێوەبەری گشتی و نوێنەرایەتی دەرەوەی هەیە كە هێشتا ناوەكانی بۆ ئامادە نەكردوون. بڕیارەكەی كۆسرەت رەسوڵ، جێگری یەكەمی سكرتێری گشتی یەكێتی بۆ گۆڕینی تەواوی تیمی یەكێتی لە خوار وەزارەتەكانەوە، پرۆسەكەی مت كردووە.
 
 هێمن شێخانی، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، دواكەوتنی یەكلاكردنەوەی ناوی بەربژێرەكانی ئەوان بۆ یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت و پۆستەكانی دیكە، دوو هۆكاری هەیە: "رێكخەری گشتی بڕیاریداوە هیچ ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن ئەو پۆستە وەرنەگرێت، هەربۆیە كاك جەلال جەوهەر لە ناوەكاندا نەماوە و كەسانی دیكە بەربژێر دەكرێن".
 
سەبارەت بە ناوی بەربژێرانی پۆستەكانی دیكە، شێخانی دەڵێ "بزووتنەوەی گۆڕان رۆژی 14ی ئەم مانگەی دەستنیشان كردووە بۆ هەڵبژاردنی خانەی راپەڕاندن و رێكخەری گشتی، بە هەموو ئەگەرەكان ناردنی ناوەكان بۆ دوای ئەو هەڵبژاردنە دوادەكەوێت و دەكەوێتە دوای 14ی مانگ".
 
لە دیاریكردنی ناوی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا، بزووتنەوەی گۆڕان كاتی زۆری پێویست بوو بۆ ئەوەی لە نێوان مستەفا سەید قادر، محەممەد تۆفیق رەحیم، جەمال محەممەد، مۆر لە ناوی یەكێكیان بدات. دواجار سەرپشككردنی عومەر سەید عەلی، لەلایەن جڤاتی نیشتیمانییەوە، بە قازانجی مستەفای سەید قادر شكایەوە بەو پێیەی سوور بوو لەسەر بڕیارەكەی خۆی كە نابێت هیچ ئەندامێكی خانەی راپەڕاندن ئەو پۆستە وەربگرێت.
 
كابینەی نۆیەم لە 22 وەزارەت پێكهاتووە كە سێیان وەزیری هەرێمن، بەڵام سەرۆكی حكومەت بۆ كاروبارەكانی چاكسازی و دارایی و سامانە سروشتییەكان، سێ یاریدەدەری هەیە. 
 
ئاشتی هەورامی كە لە كایبنەی رابردوو وەزیری سامانە سروشتییەكان بوو، مانگی رابردوو بە فەرمانی سەرۆكی حكومەت كرایە یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری وزە. هەفتەی رابردووش رێباز حەملان، وەزیری پێشووی دارایی، وەك یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ وەبەرهێنان و راژە دەستبەكار بوو.  
 
تاوەكو چەند هەفتەیەك پێش ئێستا، یەكێتی پێداگیریی دەكرد لەسەر ئەوەی پۆستی ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بەدەست خۆیەوە بمێنێتەوە و نەیداتە گۆڕان كە بەپێی رێككەوتنی نێوان گۆڕان و پارتی، ئەو پۆستە بۆ گۆڕانە. هێمن شێخانی دەڵێ "بێگومان ئەوە پۆستی گۆڕانە و لە رێككەوتنی نێوان ئێمە و پارتی جێگیر بووە"، بەڵام هۆكاری پڕنەكردنەوەی گێڕایەوە بۆ ئەوەی دەیانەوێ لەگەڵ پۆستەكانی دیكە وەریبگرن "4 بریكاری وەزیر و 3 نوێنەرایەتی دەرەوەی حكومەت و 2 ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایشمان وەرگرتووە و بڕاوەتەوە".
 
گوتیشی: "یەكێتی لە دوایین رێككەوتنی لەگەڵ پارتی، رازی بووە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە بدرێتە گۆڕان".
 
پۆستی وەزیری پێشمەرگە، شۆڕش ئیسماعیل، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی وەریگرتووە و تاوەكو ئێستاش جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەیە. جەبار یاوەر بە (رووداو)ی راگەیاند: "من ئاگاداری دانوستاندنی نێوان حیزبەكان نیم بۆ پێكهێنانی حكومەت و كاریشم بەوە نییە، بەڵام هەر كاتێك بە نووسراوی فەرمی داوام لێكرا، ئەو پۆستە دەدەمە ئەو كەسەی بۆی دەستنیشان دەكرێت و ئەو ئەمانەتەی لامە دەیدەمەوە و هیچ كێشەیەكم نییە".
 
سەرچاوە ئاگادارەكەی نێو بزووتنەوەی گۆڕان زانیاری زۆرتری بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی: "تاوەكو ئێستاش جەلال جەوهەر، دەیەوێ پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ چاكسازی وەربگرێت، بەڵام دوو بەربژێری دیكە دانراون، ئەوانیش شوان قلیاسانی، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی گۆڕان و كاردۆ محەممەد، پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕانن لە پەرلەمانی كوردستان، بەڵام چانسی شوان قلیاسانی بەهێزترە."
 
یاسای ئەنجوومەنی وەزیران هەموار دەكرێتەوە؟
 
ئەندامێكی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان رەتیدەكاتەوە دەستبەكاربوونی یاریدەدەرانی سەرۆكی حكومەت پێویستی بە هەمواركردنەوەی یاسای ئەنجوومەنی وەزیران هەبێت "بەڵام بەو مەرجەی بە پلەی وەزیر دانەمەزرێنرابن". جەلال محەممەد دەڵێ "ئەگەر یاریدەدەرەكانی سەرۆكی حكومەت دەسەڵاتی لێپرسینەوە لە وەزیریان هەبێت، ئەوە بێگومان دەبێت یاسای ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دەستبەكاربوونیان هەموار بكرێتەوە، بەڵام ئەگەر تەنیا كاروباری راوێژكارییان هەبێت، ئەوا پێویست ناكات".
 
ئەنجوومەنێك بۆ چاكسازی
 
بزووتنەوەی گۆڕان دەیەوێت بە وەرگرتنی پۆستی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت پرسی چاكسازی بباتە نێو حكومەت. ئەندامەكەی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان زانیاریی نوێ ئاشكرا دەكات لەبارەی شێوازی دەستبەكاربوونی بەربژێرە یەكلانەبووەكەیان و دەڵێ "ئەنجوومەنێكی نوێی لەنێو ئەنجوومەنی وەزیران بۆ دروستدەكرێت و سەرپەرشتی ئەو ئەنجوومەنە دەكات".
 
هێـمن شێخانی، لەبارەی ئەنجوومەنە نوێیەكەوە دەڵێ: "لەگەڵ دەستبەكاربوونی یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت، ئەنجوومەنێكی 12 كەسی بۆ سەرپەرشتیی چاكسازی دروستدەكرێت. 12 وەزیری حكومەت ئەندامی ئەو ئەنجوومەنە دەبن و یاریدەدەرەكەی سەرۆكی حكومەت سەرپەرشتییان دەكات".