سبەی تیروپشک بۆ ژمارەپێدان بە لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت

09-08-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سبەی شەممە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق تیروپشک بۆ ئەو لایەن و هاوپەیمانێتی و بەربژێرە تاکەکەسییانە دەکات کە بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا دەکەن.
 
د. عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی رۆژنامەڤانیی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژی شەممە، 10ـی ئابی 2024، تیروپشکی دووەم بۆ ئەو لیست و بەربژێر و هاوپەیمانێتییانە دەکرێت کە لە تیروپشکی یەکەمدا ناویان نەبوو و بەشدارییان نەکردبوو".
 
تیروپشکەکە کاژێر 10ـی بەیانیی لە هۆتێل شیراتۆنی شاری هەولێر دەکرێت، ئەو لایەنانەشی پێشتر لەسەر کورسیی گشتی پێشکێشیانکردبوو و ژمارەیان پێدرابوو و دواتر لیستەکانیان بۆ سەر کورسیی پێکهاتەکان گواستەوە، ژمارەی نوێیان پێدەدرێتەوە. 
 
رۆژی 8ـی نیسان کە ئەو کات بڕیاربوو 10ـی حوزەیران هەڵبژاردن بکرێت، تیروپشکی بۆ ژمارەیەک هاوپەیمانێتی و پارت و بەربژیری تاکەکەس و کۆتا کرد، بەشێکیش لیستی ناوەکانیان پێشکێش نەکردبوو، بۆیە وادەی هەڵبژاردن بۆ 20ـی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵ دواخرا.
 
بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، 139 لیست بەشداریی دەکەن کە پێکدێن لە دوو هاوپەیمانێتی، 13 پارت، 85 بەربژێری تاکەکەسی، لەگەڵ 39 بەربژێری پێکهاتەکان، 69یان پێشتر تیروپشکیان بۆ کرابوو، ئەوەی رۆژی شەممە دەکرێت 70 هاوپەیمانی و پارت و بەربژێر دەبێت.
 
1198 بەربژێر وەک سەربەخۆ، بەربژێری کۆتای پێکهاتە، لیستى پارت و هاپەیمانێتییەکان ناوى خۆیان تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنى خولی شەشەمی پەرلەمانى کوردستان، کە بڕیارە لە 20ی تشرینی یەکەمی ئەم ساڵدا بکرێت.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە