سەنتەرێکی دۆکیومێنتکردن دەڵێت، ئەم ساڵ 329 کەس لە عەفرین رفێندراون
رووداو دیجیتاڵ
سەنتەرێکی دۆکیۆمێنتکردن دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە 329 کەس لەلایەن گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا لە عەفرین و ناوچەکانی دیکە رفێندراون.
سەنتەرەکە دەشڵێت، لەدوای داگیرکردنی عەفرین، زیاتر لە 2100 کەس لەلایەن ئەو گرووپانەوە کوژراون.
سەنتەری دۆکیومێنتکردنی پێشێلکارییەکان لە باشووری سووریا، لە دوایین راپۆرتیدا رایگەیاندووە، "لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، هێزەکانی چەکداریی پشتیوانیکراو لەلایەن تورکیاوە لە سووریا لە ناوچەکانی عەفرین و شوێنەکانی ژێر دەسەڵاتیان 329 کەسیان رفاندووە، لەکاتێکدا ساڵی رابردوو 461 کەس و ساڵی 2022ش 702 کەسیان رفاندبوو".
بەپێی سەنتەرەکە، ئەوانە ئەو کەسانەن تۆمار و دۆکیۆمێنت کراون، دەشڵێت، "ژمارەکە زیاترە، چونکە بەشێک لە خێزانەکان لە ترسی کاردانەوەی هێزەکان نایانەوێت ناوی رفێندراوەکانیان ئاشکرا بکەن".
بەشێکی زۆری گیراوەکان رووبەڕووی ئەشکەنجە و پێشێلکاریی دەبنەوە، وەکو سەنتەرەکە باسیکردووە.
رێکخراوەکە ئاماژەی بۆ ئەوەکردووە، هێزەکانی تورکیا و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو وڵاتە کە لەژێر ناوی سوپای نیشتمانیی سووریا کۆبوونەتەوە و دەزگاکانی ئەمنیی سەر بە ئەوان رۆژانە هەڵدەکوتنە سەر ماڵان و هاووڵاتیان دەڕفێنن و داوای پارەیان لێدەکەن و ئامادەش نین دادگاییان بکەن.
سەنتەری دۆکیۆمێنتکردنی پێشێلکارییەکان لە باشووری سووریا، لە راپۆرتەکەیدا کە ئەمڕۆ هەینی، 9ـی ئابی 2024 بڵاویکردووەتەوە، دەڵێت، "لەو کاتەوەی تورکیا چووەتە نێو سووریا لە ساڵی 2016 تاوەکو ئێستا، هێزەکانی چەکداری سەر بەو وڵاتە دوو هەزار و 118 کەسیان کوشتووە و نزیکەی 8 هەزار کەسیان بریندار کردووە، نۆ هەزار و 390 کەس دەستگیرکراون، هەشت هەزار و 89 کەسیان ئازادکراون و ئەوانی دیکە چارەنووسیان نادیارە، هەروەها 184 کەسیش لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە".
سەنتەرەکە ئاشکراشیکردووە، "ژمارەی ئەو کەسانەی لە ساڵی 2016وە تاوەکو 30ـی تەمموزی ئەم ساڵ، بە گوللـەی جەندرمەی تورکیا لە سووریا کوژراون 565 کەس بوون، 106یان منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ و 69شیان ژنن، هەروەها سێ هەزار و 106 کەسیش بەتۆمەتی بەزاندنی سنوور لە گوند و شارۆچکەکانی سنووری نێوان سووریا و تورکیا بریندار کراون، بەشی زۆریان خاوەن زەوی و جووتیارانی ئەو ناوچانەن".
لەدوای ساڵی 2016 تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی بە ناوەکانی قەڵغانی فورات، چڵە زەیتوون و کانی ئاشتی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان کردووە و ناوچەکانی عەفرین و گرێ سپی و سەرێ کانی داگیرکردووە.