لە سلێمانی کەسێک لەسەر زێدەڕۆیی سزادەدرێت و پەنا بۆ دادگەی فیدراڵی دەبات
رووداو دیجیتاڵ
هاونیشتمانییەکی شاری سلێمانی کە بەهۆی زێدەڕۆییەوە لەلایەن دادگەی سلێمانییەوە سزادراوە، لە دادگەی فیدراڵیی عێراق سکاڵا تۆمار دەکات و داوا دەکات مادەیەکی یاسای زێدەڕۆیی هەڵبوەشێندرێتەوە
رۆژى یەکشەممە، 11ى ئاب دادگەى باڵاى فیدراڵى یەکەم کۆبوونەوە لەبارەى ئەو سکاڵایەوە دەکات کە لەلایەن کەسێکەوە بە ناوى محەممەد جەمال پێشکێشکراوە.
شەرمین بەهجەت خدر، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەرایەتیى کاروبارى یاسایی پەرلەمانى کوردستان بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئاگایینامەى ئەو سکاڵایەمان پێگەیشتووە کە لە دژى سەرۆکى پەرلەمان تۆمارکراوە، بەڵام نوێنەرمان ئامادەى دانیشتنەکە نابێت."
سکاڵاکار کە دانیشتووی شاری سلێمانییە لە سکاڵاکەیدا داوا دەکات مادەی 14 لە یاساى زێدەڕۆیی بۆ سەر زەویوزار و موڵکى دەوڵەت بە نادەستوورى بناسێندرێت.
ئەو مادەیە لە دوو بڕگە پێکدێت و باس لەوە دەکات کە نابێت تۆمەتبارى زێدەڕۆکار لە هەردوو قۆناخى لێکۆڵینەوەى سەرەتایی یان دادگایی ئازاد بکرێت، تاوەکو زێدەڕۆکەى لادەبات. هەروەها ئەگەر بڕیارى دادگەش هەبوو لەسەر ئازادکردنى یان بێتاوانى یان بەرپرسیارێتییەکەى لەو کارە، تاوەکو زێدەڕۆییەکەی لانەبات، ئازاد ناکرێت.
محەممەد جەمال لە سکاڵاکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە بەهۆی ئەو مادەیە زەرەرمەند بووە، گوایە لەلایەن سەرۆکایەتیى دادگەى تێهەڵچوونەوەى سلێمانیەوە فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکراوە تاوەکو ئەو کاتەى زێدەڕۆییەکەی لادەبات.
پارێزەرى سکاڵاکارەکەش ئاماژەى بەوەداوە، ئەو مادەیەی یاساکە "دژی بنەماکانى دەستوورى عێراقە."
لەگەڵ سکاڵاکەدا دەقى بڕیارێکى دادگەى پێداچوونەوەی سلێمانى هاوپێچکراوە. بەپێی بڕیاری دادگە ئەو کەسە لە 6ى شوبات تاوەکو 25 شوبات لەسەر ئەو زێدەڕۆییە راگیراوە، دواتر بە یەک ساڵ بەندکردن سزادراوە، بەڵام جێبەجێکردنى سزاکەى راگیراوە.
پاشان دادگە تێهەڵچوونەوە بەگوێرەى مادەى 14ى یاساى زێدەڕۆیی لەسەر زەویوزار و موڵکى دەوڵەت، لە 16ى نیسان فەرمانى دەستگیرکردنى بۆ دەرکردووە.