کۆمپانیای فلای ئەربیل: ئێمە هۆکاری گرفتی گەشتەکەی لەندەن نەبووین

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل دەڵێت، ئەو گرفتەی بۆ یەکێک لە فڕۆکەکانی هێڵەکەیان دروستبوو، پەیوەندی بە رێکارەکانی فڕۆکەخانەی شاری پلۆڤدیڤی بولگاریاوە هەبوو و لە ماوەیەکی کورتیشدا چارەسەر کرا. 
 
فڕۆکەیەکی کۆمپانیای فلای ئەربیل ئەمڕۆ کاژێر 2:30ی دوای نیوەڕۆ لە هەولێرەوە گەشتەکەی بۆ لەندەنی پایتەختی بەریتانیا دەستپێکرد و ترانزێتیان فڕۆکەخانەی شاری پلۆڤدیڤی بولگاریا بوو. 
 
لاوەند مەموندی، بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیای فلای ئەربیل ئەمشەو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، فڕۆکەخانەی پلۆڤدیڤ ئەم دوای نیوەڕۆیە لەبەر هۆکارێکی تایبەت بە حکومەتی ئەو وڵاتە، هەموو گەشتەکانی بۆ ماوەیەک راگرت و هەربۆیە فڕۆکەکەی فلای ئەربیلیش ناچاربوو لە نزیکترین فڕۆکەخانە بنیشێتەوە کە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سۆفیایە. 
 
لاوەند مەمووندی گوتی، بەرپرسانی فڕۆکەخانەی سۆفیا رێگەیان بە سەرنشینانی فڕۆکەکەی فلای ئەربیل نەدا دابەزن و گوتیان، دەبێت چاوەڕێ بکەن تاوەکو فڕۆکەخانەی پلۆڤدیڤ دەکرێتەوە، بەڵام لەو ماوەیەی کە فڕۆکەکە لە فڕۆکەخانەکەی پایتەختی بولگاریا بوو کارگوزارەکانی فڕۆکەکەی فلای ئەربیل بە باشترین شێوە خزمەتی سەرنشینانیان کردووە.
 
بەڕێوەبەری رێگەپێدراوی کۆمپانیا فلای ئەربیل رایگەیاند، فڕۆکەکەیان بۆ ماوەی دوو کاژێر و نیو لە فڕۆکەخانەی سۆفیا بووە تاوەکو فڕۆکەخانەی پلۆڤدیڤ کراوەتەوە و ئیدی فڕۆکەکە چووەتە ئەو فڕۆکەخانەیە.
 
لاوەند مەمووندی رایگەیاند، لە ئەگەری داخستنی فڕۆکەخانەیەکدا ئەو جۆرە رووداوانە روودەدەن و دەبێت فڕۆکەکان بچنە فڕۆکەخانەیەکی نزیک تاوەکو دۆخی فڕۆکەخانەکە ئاسایی دەبێتەوە.
 
هاونیشتمانییەکیش بەناوی شوان بە رووداوی راگەیاند، ئێستا لە فڕۆکەخانەی پلۆڤدیڤن و چاوەڕێ دەکەن لە چەند خولەکێکی دیکەدا فڕۆکەکەیان بەرەو لەندەن بەڕێبکەوێت.