لە دێرەزوور چی روودەدات؟ شەڕێک لە بەردەرگای هەسەدە

4 کاژێر له‌مه‌وپێش
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە پارێزگەی دێرەزووری سووریا لە رووبەڕووبوونەوەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا بەردەوامن کە لە چوارشەممەوە دەستیپێکردووە. 
 
گرووپە چەکدارەکان کە لە لایەن ئێران و حیزبوڵڵای لوبنانیشەوە پشتیوانی دەکرێن، هەڕەشەی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هێزە زۆرینە کوردییەکە لە رۆژهەڵاتی رووباری فورات دەکەن.
 
هەسەدە ئەمڕۆ هەینی راگەیاند، بەهۆی تۆپباران و هاوەنبارانی ئەو گرووپە چەکدارانەوە کە ئەفسەرانی سوپای سووریا سەرپەرشتییان دەکەن، 11 کەسی سڤیل لە گوندەکانی جەدیدە بەگارە و دەحلە کوژراون کە زۆربەیان منداڵ و ژنن. 
 
هاوکات سەرچاوە خۆجێییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لە وەڵامی ئەو هێرشەدا هەسەدە بە تۆپباران دوو چەکداری هێزەکانی لایەنگری حکومەتی سووریای لە گوندی بولیل کوشتووە و سێی دیکەشی بریندار کردووە. 
 
لە بووڵتەنی 19:00ـی هەینیی رووداودا کە سورەیا هەساری پێشكێشی کرد، ئارام دۆمانی، سکرتێری هاوپەیمانیی سووریای نیشتمانی گوتی، ئەمڕۆ شاندە سەربازییەکانی سووریا و رووسیای هاوپەیمانی چوونەتە فڕۆکەخانەی شاری قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان بۆ ئەوەی لەسەر ئەم پێکدادانانە لەگەڵ شاندی هەسەدە کۆببنەوە، بەڵام "بە هیچ ئەنجامێک نەگەیشتوون".
 
هاوپەیمانییەکەی دۆمانی بەشێکە لە ئەنجوومەنی سووریای دیموکرات (مەسەدە) کە باڵی سیاسیی هەسەدەیە.
 
پارێزگای دێرەزوور، زۆرینە عەرەبە، دەکەوێتە سەر سنووری عێراق، بە سەرچاوەی سرووشتی دەوڵەمەندە و رووباری فورات دەیکات بە دوو بەشەوە.
 
تەواوی بەشی رۆژئاوا و حەوت گوندی رۆژهەڵاتی فورات لە ژێر کۆنترۆڵی حکومەتی بەشار ئەسەد و گرووپە چەکدارە هاوپەیمانەکانیدان. بەشی رۆژهەڵاتیش لە ژێر کۆنترۆڵی هەسەدەدایە و هێزەکانی ئەمریکای لێ جێگیرن. 

 

 
 
چی روویدا؟
 
رۆژی چوارشەممە، بە گوێرەی سەرچاوە خۆجێییەکان، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لە رۆژئاواوە پەڕینەوە بۆ رۆژهەڵاتی چەمەکە و بە مەودایەکی مەترسیدار لە کێڵگەی نەوتیی عومەر کە هێزەکانی ئەمریکای تێدان، نزیکبوونەوە.
 
بەڵام هەر ئەو رۆژە، دوای شەڕێکی سەخت هەسەدە پاشەکشەی پێکردن و ناچاریکردن بگەڕێنەوە دیوی رۆژئاوای فورات.
 
لەو شەڕەدا 7 کەس کوژران؛ شەڕڤانێکی هەسەدە، سێ چەکداری سەر بە حکومەتی سووریا و سێ کەسی سڤیل. 
 
میدیای نزیک لە حیزبوڵڵا باس لەوە دەکات، هێلیکۆپتەرەکانی ئەمریکا لە تێکشکاندنی هێرشەکەدا بەشدار بوون. 
 
بە گوێرەی میدیای خۆجێیی، دوای ئەوە شەڕە، هەسەدە هێزێکی گەورەی پشتیوانی لە حەسەکە و رەققەوە بردووەتە دێرەزوور، هەروەها رۆژی پێنجشەممەش 20 بارهەڵگری پڕ لە چەکداری پاڵپشتیکراو لە حکومەتی سووریاوە گوێزرانەوتەوە ناوچەی دێرەزوور.

 

 
گرووپە چەکدارەکان کێن؟
 
گرووپە چەکدارەکان پێکدێن لە چەکدار و ئەندامی ئەو هۆزە عەرەبانەی لە هەسەدە هەڵگەڕاونەتەوە و دەستیان لەگەڵ حکومەتی سووریا تێکەڵکردووە. 
 
کەسێک بە ناوی ئیبراهیم هفل کە خۆی بە سەرۆک هۆزی عگێدات دادەنێت، سەرکردایەتیی هاوپەیمانیی ئەو هێزانە لەژێر ناونیشانی (هێزی هۆزە عەرەبەکان) دەکات. 
 
رۆژی چوارشەممە، هفل لە ڤیدیۆیەکدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، هەڕەشەی کرد کە "خاکی عەرەب لە داگیرکاریی" هەسەدە "رزگاردەکات". 
 
بەڵام هەموو هۆزە عەرەبەکان لەگەڵیدا نین، لە نێویاندا ئامۆزای خۆی، هاوپەیمانیی نزیکی هەسەدەیە. 

 

شەڕەکە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی تەنگژەی نێوان بەرەی ئێران و هاوپەیمانەکانی لەگەڵ بەرەی ئیسرائیل و ئەمریکا. 
 
ئێران و حیزبوڵڵا بەڵێنیان داوە هێرش بکەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی تۆڵەی کوشتنی سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماسی فەلەستینی و کەسایەتیی دووەمی حیزبوڵڵا بکەنەوە. 
 
دۆمانی بە رووداوی گوت، "پێشتر ئێران پشتیوانکاری سووریا بوو، بەڵام ئێستا بووەتە هاوبەشی رژێم لە بواری ئابووری، سیاسی، بڕیاردان و کولتووری"دا و گوتیشی، ئەمە "بەشێکە لە ستراتیجیی ئێران" لە سووریا کە دەیەوێت هێرش بکاتە سەر ئەو ناوچانەی هێزەکانی ئەمریکای تێدا جێگیرکراون. 
 
دۆمانی پێیوایە، دۆسیەی سووریا بووەتە "بەشێکی پێکەوەبەستراو لە پرسە هەرێمییەکانی دیکەی وەک دۆسیەی ئۆکراینا و جەنگی غەززە".
 
لە جەنگی نێوخۆی سووریادا ئێران پشتیوانی سەرەکیی حکومەتی بەشار ئەسەد بووە.
 
ئەمریکا نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا هەیە کە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش جێگیرکراون. 
 
لە ئەیلوولی 2023 هێزەکانی ئەمریکا پشتیوانیی هەسەدەیان کرد لە تێکشکاندنی هێرشی هۆزە هەڵگەڕاوە عەرەبەکانی دێرەزوور.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە