تورکیا گیانلەدەستدانی 64 گەریلا و هەپەگەش کوژرانی 56 سەربازی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 64 گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی لە هەرێمی کوردستان راگەیاند. هەپەگەش دەڵێت، 56 سەربازیان کوشتوون و 46 سەربازی دیکەش بریندار بوون.
 
ئەمڕۆ هەینی 9ـی ئابی 2024، لیوا زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە باڵەخانەی وەزارەتەکە لە ئەنقەرە رایگەیاند، لە هەفتەیەکدا و لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنە بەردەوامەکانی هێزەکانی سوپای تورکیا لەنێو هەرێمی کوردستان 64 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.
 
لیوا زەکی ئاکتورک گوتی، 11 کۆگای چەک، ئەشکەوت و حەشارگەی پەکەکە دۆزراونەتەوە و لەو شوێنانەدا دەستبەسەر چەندین جۆر چەکی سووک و مامناوەند و پێداویستی پزیشکی و خۆراکی وشککراودا گیراوە و گوتیشی، "ئۆپەراسیۆنەکان بەوپەڕی هەستیارییەوە بەڕێوەدەچن".  
 
گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا ئاماژەی بەوەشکرد، سەربازێکی سوپای تورکیاش لە ئەنجامی تەقینەوەی مینێک لە ناوچەی خواکوڕک دوای ئەوەی بەسەختی بریندار ببوو، لە نەخۆشخانەی سەربازی لە ئەنقەرە گیانی لەدەستدا. 
 
رۆژی 4ـی ئاب، ناوەندی چاپەمەنی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، ئاماری شەڕ و پێکدادانی مانگی تەممووزی ئەم ساڵی گەریلای لەگەڵ هێزەکانی سوپای تورکیا لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە. 
 
هەپەگە رایگەیاند، لەو مانگەدا 205 جار هێرشیان کردووە و لە ئەنجامدا 56 سەرباز کوژراون و 46 سەربازی دیکەش بریندار بوون؛ لە بەرامبەردا 11 گەریلاش گیانیان لەدەستدا.
 
هەپەگە لەبارەی هێرشەکانی سوپای تورکیا لەو ماوەیەدا رایگەیاند، 520 جار بۆردوومان و تۆپبارانیان کردووە کە 345 جار بە فڕۆکەی جەنگی و درۆن و 52 جاریش بە هێلیکۆپتەر بوون.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە کە تورکیا ناوی ناوە چنگ-قوفڵ و لە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە پارێزگای دهۆک لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.