لە دەریاچەکانی دووکان و دەربەندیخان 35-40%ی ماسی کەمبووەتەوە؛ 'بە ژەهر و کارەبا و تەقەمەنی راو مەکەن'

09-08-2024
پێشەوا بەختیار
دەریاچەکانی دووکان و دەربەندیخان
دەریاچەکانی دووکان و دەربەندیخان
A+ A-
 
رووداو - دووکان

بەلەمەکانی نێو دەریاچەی دووکان، جیاواز لە ساڵانی رابردوو، تاک و تەرا خاوەکانیان کاریان پێدەکەن و دەیانبەن بۆ راوەماسی، چونکە چوار ساڵە ماسییەکانی نێو دەریاچەکە، بە گوتەی راوچییەکان، کەمیان کردووە. هەر راوچییەکیش بدوێنی، کەمبوونەوەی ماسی و گلەیی قسەی سەر زمانیەتی.
 
راوچییەک دەڵێت، "دوێنی چووینە تۆڕمان دانا، یەک دانە ماسی یان دووان یان هیچمان نەگرتووە، شەبوت و سوورە ماسی مشارە و ئەوانە هیچی تۆوی نەماوە."
 
گوندی تۆربا یەکێک لەو گوندانەی نزیکترینە لەسەر دەریاچەکە و زۆرینەی دانیشتووانەکەی راوەماسی پیشەیانە، بەڵام چوار ساڵە کەمبوونەوەی ماسی 20 ماڵی گوندەکەی ناچار بە جێهێشتن کردووە، ئەو 30 ماڵەی دیکەیش دەڵێن، گەر وا بڕوات نیوەی ماڵەکان چۆڵی دەکەن.
 
مام عومەر راوەماسی پیشەی 32 ساڵەیەتی، بە گوتەی ئەو، سوورە ماسی بە رێژەی 80% لە زێی بچووک و دەریاچەی دووکان کەمیکردووە، کە دەریاچەکە بە نیشتیمانی سوورە ماسی دەزانێت.
 
عومەر عەلی، راوچی دەڵێت، "کاتی دانانی قەدەخەی راوەماسی هەڵەیە و کاتەکەی خراپە، دەبێت دیراسەی بۆ بکرێت، هەر راوچییەک 30 بۆ 40 تۆڕ دادەنێت، گەر پار و پێرار 30 کیلۆ ماسی گرتبا، ئێستا پێنج کیلۆ دەگرێت، ماسی بەشی قەزای دووکانیش ناکات، چجای بگات بە شارەکانی دیکە."
 
کەمبوونەوەی ماسی سەر مێزی ماسی فرۆشەکانی قەزای دووکانیشی چۆڵ کردووە، بە شێوەیەک کە بەشێک لە دووکانەکان دایانخستووە، ئەوانەشی هەن دەڵێن، "بە 15 رۆژ جارێک ماسی زێمان دەستدەکەوێت."
 
وەزارەتی کشتوکاڵ نایشارێتەوە، بە تەنیا تێکردنی یەک جۆر پەنجە ماسی بۆ دەریاچەکان کێشەکە چارەسەر ناکات و رووی دەمی لە راوچییەکان دەکات و دەڵێت، "بە ژەهر و کارەبا و تەقەمەنی راو مەکەن، چونکە بەراورد بە 10 ساڵی رابردوو، ماسی لە دەریاچەی دووکان بە رێژەی 40% و دەربەندیخان 35% کەمبووەتەوە."
 
سەڵاح مەجید، سەرۆكی كۆمەڵەی گەشەپێدانی سامانی ماسی، ‌كە هاوكات سەرۆكی لیژنەی مۆڵەتی پرۆژەكانی ماسییە لە هۆبەی سامانی ماسی سلێمانی ئاماژەی بەوە کرد، "دەبێت ماسی جۆر بە جۆر بخرێتە زێ و دەریاچەکان، بۆئەوەی بتوانرێت بەرهەمی ماسی زیاد بکرێت."
 
لە ساڵی 2024 بڕی 200 هەزار پەنجە ماسی کراوەتە نێو دەریاچەی دووکان، بەڵام ئەوە چارەسەری کێشەکە نییە.
 
رۆژانە هەرێمی کوردستان پێویستی بە 75 هەزار تۆن ماسییە، بەڵام ئەو رێژەیە بەرهەم نایەت و نرخەکەی گرانە، بەراورد بە چەند ساڵی رابردو بۆ هەر کیلۆیەک ماسی دوو تاوەکو پێنج هەزار دینار نرخەکەی گران بووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".