رووداو دیجیتاڵ
لە پێکدادانێکی چەکداریدا لە سنووری قەزای قەرەداخ، دوو ئەندامی هێزە ئەمنییەکان گیانیان لەدەستدا. دەزگای ئاسایشی هەرێم دەڵێت، چەکدارەکان ویستوویانە شوێنەواری (نەرامسین) دەربهێنن و بیبەن.
عەقید سەلام عەبدولخالق، لێپرسراوی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی هێزەکانمان و گرووپێک چەکدار دوو ئەنداممان شەهید بوون".
هاوکات، رەئووف شێخ کەمال، قایمقامی قەزای قەرەداخ بە رووداوی راگەیاند، دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ هێزە ئەمنییەکان لەگەڵ چەند کەسێکی نەناسراو لە چیای قەرەداخ رووبەڕووی یەک بوونەتەوە؛ گومان دەکرێت ئەو کەسانە بۆ دۆزینەوەی شوێنەوار چووبنە ناوچەکە.
لە راگەیێندراوی دەزگای ئاسایشی هەرێمدا هاتووە، "پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 09-08-2024 کاژێر 05:00 لە ناوچەی (قەرەداخ) دوای ئەوەی مەفرەزەیەکی ئاسایشی قەرەداخ بە مەبەستی پاراستنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە و چاودێریکردنی ناوچەیەکی شوێنەواری لە ئەرکدا بوون، چەند کەسێکی چەکدار بە مەبەستی دەرهێنان و بردنی شوێنەواری (نەرامسین) لە ناوچە شوێنەوارییەکە بوون، رووبەڕووی مەفرەزەکەی ئاسایش بوونەتەوە و بەداخەوە بووە هۆی شەهیدبوونی (دوو) کارمەندی ئاسایش".
ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران و بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ