لە ورمێ لە پێکدادانێکی چەکداریدا ئەندامێکی سوپای پاسداران کوژرا


رووداو دیجیتاڵ 

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە پێکدادانێکی چەکداریدا ئەندامێکیان لە ناوچە سنوورییەکانی باکووری پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان کوژراوە.
 
بڕیارگەی حەمزەی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، شەوی رابردوو لە پێکدادانێکدا لەگەڵ گرووپێکی چەکدار لە ناوچەی سنووریی چاڵدێران لە باکووری پارێزگای ورمێ ئەندامێکیان کوژراوە.
 
لە راگەیێندراوەکەی بڕیارگەی حەمزەی سەر بە سوپای پاسداراندا هاتووە، "پاسدار ئەمیر حوسێن ساڵحیان لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی تایبەتدا لە میحوەری یۆسف ئاوا-چاڵدێران لەلایەن کەسانی دژە شۆڕشەوە کوژراوە."
 
سوپای پاسداران ئاماژە بەو لایەنە چەکدارە نەکردووە کە پێکدادانیان لەگەڵ روویداوە.
 
لە ناوچەکانی باکووری پارێزگای ورمێ کە هاوسنوورن لەگەڵ باکووری کوردستان، حیزبی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) چالاکە، بەڵام لەبارەی رووداوەکەی چاڵدێران هیچ لێدوانێکیان نەداوە.
 
بڕیارگەی حەمزەی سەر بە سوپای پاسداران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کردووە و رایگەیاندووە، رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی ئەندامەکەیان رۆژی چوارشەممە لە شاری چاڵدێران بەڕێوەدەچێت.