سەنتەرێکی ئۆتیزم لە سلێمانی: نەسریەمان نییە و ناتوانین بسکویت و شەربەتێکیش بە منداڵە ئۆتیزمەکان بدەین

10-08-2023
هۆرڤان رەفعەت
راهێنەرێک لە سەنتەرێکی ئۆتیزمی حکومی لە سلێمانی لەگەڵ منداڵێکی ئۆتیزم. وێنە: رووداو
راهێنەرێک لە سەنتەرێکی ئۆتیزمی حکومی لە سلێمانی لەگەڵ منداڵێکی ئۆتیزم. وێنە: رووداو
نیشانەکردن ئۆتیزم
A+ A-
 
رووداو – سلێمانی

سەنتەرێکی حکومیی ئۆتیزم لە سلێمانی نەسریە (بودجەی بەردەستی) نییە و بەڕێوەبەرەکەی دەڵێت، بەو هۆیەوە ناتوانن تاکە ژەمێکی سادەش بۆ منداڵەکان، ئەگەر بسکویت و شەربەتێکیش بێت دابین بکەن.
 
لە ژوورێکی سەنتەرەکەدا تاقیکردنەوەی هەڵسەنگاندنی سەرەتایی بە منداڵان دەکرێت تاوەکو ئاستەکەی دیاریبکرێت و لە یەکێک لە پۆلەکان بخرێتەوە بەر راهێنانی شیاندنەوە و گەشە.
 
هیوا عەبدوڵڵا، باوکی منداڵی ئۆتیزمە و بە رووداوی گوتووە، "لە ماڵەوە دۆخی زۆر خراپە و زۆر دەجووڵێت، زۆر ناڕەحەت دەبین بەدەستیەوە، ئەمڕۆ هێناومانەتە ئەم سەنتەرە ناوی تۆماربکەین، چونکە بیستومانە لێرە مامۆستای باشی لێیە تاوەکو ئاگایان لێبێت و هەندێک دۆخی باشتر ببێت."
 
ساوێن 10 ساڵە سەرقاڵی راهێنانە بە منداڵانی ئۆتیزم و دەڵێت، ئەو منداڵە نوێیانەی لە سەنتەرەکە وەردەگیرێن، سێ هەفتە تاوەکو سێ مانگیان پێدەچێت کە تەنها فێری ئەوە بن سەنتەرەکە بناسن و چۆن دابنیشن لە پۆلەکاندا.
 
ساوێن عومەر، راهێنەری منداڵانی ئۆتیزم ئاماژەی بەوە کرد، "یەکەم رۆژ بۆئەوەی منداڵەکە حەزی لە سەنتەرەکە و ژوورەکە و هاتنەکەی بێت بەو شتە دایدەنیشێنین کە حەزی لێیەتی، رەنگە هەر حەزیشی لێی نەبێت، رەنگە حەزی لە هیچ شتێکیش نەبێت، رەنگە کاردانەوەی ئەوە بێت کە ئازارت بدات، بۆیە ئێمە هەفتەی یەکەم تەنها بۆ تێستکردن دادەنێین."
 
بەسۆز ئەبوبەکر، راهێنەرێکی دیکەیە لە سەنتەرەکە و باسی لەوە کرد، "رۆژانە لە کاژێر 08:30ی بەیانییەوە تاوەکو کاژێر 01:00 نیوەڕۆ و هەموو هەفتەیەک شەش رۆژ لەگەڵیان دەبین و هەوڵدەدەین هەموو شتێکیان فێربکەین، بەڵام بۆ ئەوە ناچارین بە هێواشی و خاوی کاریان لەگەڵ بکەین."
 
منداڵەکان لە ژووری تاکە کەسی و گرووپ و هزری راهێنانیان پێدەکرێت و لە ژوورێکیشدا رۆژانە نزیکەی کاژێرێک بۆ زیادکردنی تەرکیز و ئارامبوونەوە دەمێننەوە.
 
لە هۆڵێکی سەنتەرەکەشدا، منداڵانی ئۆتیزم بە ئازادی و بە ئارەزووی خۆیان وەرزش و یاری دەکەن. یەکێک لە راهێنەرەکان، ئەو منداڵە ئۆتیزمانەی ئاستیان بەرەو باشتربوون دەچێت راهێنانی گۆکردنی زمانیان پێدەکات. بەڕێوەبەری سەنتەرەکە دەڵێت، نەبوونی بودجە و نەسریەی تایبەت هۆکارە بۆ پێشنەکەوتنی زیاتری سەنتەرەکە.
 
رزگار عوسمان، بەڕێوەبەری سەنتەری ئۆتیزمی سلێمانی بە رووداوی گوت، "ناتوانین وەکو پێویست ئەگەر راهێنەرەکانمان باشیش بن، پاداشتیان بکەین؛ چونکە نەسریەمان نییە، بۆیە ئەوەش نابێتە هۆی هاندانی زیاتری ئەوان، هەروەها ناتوانین تاکە ژەمێکی سادەش بۆ منداڵەکان، ئەگەر بسکویت و شەربەتێکیش بێت، دابین بکەین؛ چونکە بە هیچ جۆرێک نەسەریەمان نییە."
 
ئێستا پێنج منداڵی ئەو سەنتەرە ئامادەن بچنە خوێندنی تایبەتی قوتابخانە حکومییەکان، بەهۆی باشبوونی دۆخی تەندروستی و گەشکردنیانەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی تەقینەوەکە و لۆگۆی ئاسایشی هەرێم.

دەزگای ئاسایش لەبارەی رووداوی ئۆتۆمبێلەکەی سلێمانی: تەقینەوە بووە

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەبارەی رووداوەکەی ئۆتۆمبێلەکەی سلێمانی دەڵێت، "تەقیوەتەوە" و تائێستا هۆکاری تەقینەوەکە دیار نییە. دەشڵێت لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.