پەکەکە ناسنامەی چوار گەریلا ئاشکرا دەکات دوای ساڵێک لە گیانلەدەستدانیان

رووداو دیجیتاڵ

فەرماندەیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامه‌ی چوار گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئاشكرا ده‌كات كه‌ ساڵێک لەمەوبەر لە ئەنجامی شه‌ڕ و پێكدادان له‌ دژی سوپای تورکیا لە نێو خاکی هەرێمی کوردستاندا گیانیان لەدەستداوە. 
 
رۆژی 7ـی ئابی 2023، ناوەندی راگەیاندن و چاپه‌مه‌نیی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) ناسنامەی ئەو گەریلانەی بڵاوکردەوە، کە لە رۆژی 8ـی ئابی 2022، لە ناوچەی گارە لە هەرێمی کوردستان لە کات شەڕ و پێکدادان لە دژی سوپای تورکیا، لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی ناسراو بە چنگ – قوفڵدا گیانیان لەدەستدابوو. 
 
ناسنامەی گەریلاکان وەک هەپەگە بڵاویکردووەتەوە، ئەمانەن: فەریهان ئیسماعیل ناسراو بە نۆرشین عەفرین لەدایکبووی عەفرین، جەلال بیردال ناسراو بە سیدار سەرحەد لەدایکبووی ئاگری، جەیلان عەبدوڵڵا ناسراو بە زیلان عەفرین لەدایکبووی عەفرین و ئەحمەد سلێمان ناسراو بە لاڤانت قامشلۆ، لەدایکبووی قامشلۆ. 
 
رۆژی 5ـی ئابی 2023 وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و گوتی، لە رووبەڕووبوونەوەیەکیاندا لە ناوچەی زاپ، دوو گەریلای پەکەکە گیانیان لەدەستداوە و دوو کچە گەریلاش بە برینداری کەوتوونەتە دەستیان.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە کە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ و بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکرد.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا گیانلەدەستدانی 609 گەریلا و کوژرانی 94 سەربازی سوپای وڵاتەکەی راگەیاندووە؛ هەپەگەش کوژرانی دوو هەزار و 978 سەربازی تورکیا و گیانلەدەستدانی 359 گەریلای راگەیاندووە.