سامانە سرووشتییەکان: بەنزینخانەکان دەتوانن بەنزین هاوردە بکەن

09-08-2023
ئازاد پیرچاوشی @AzadRamadhan
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەسەر داوای پارێزگارەکان و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان، مۆڵەتی هاوردەکردنی بەنزین دراوەتە بەنزینخانەکان. ئەمە لەکاتێکدایە، وەزارەتەکە پێشتر ئەو مۆڵەتەی بە کۆمپانیاکان دابوو.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە، 09-08-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایگەیاند، بەنزینخانەکان هاوشێوەی کۆمپانیاکان دەتوانن بەنزین هاوردە بکەن، بەڵام گوتیشی، "بەنزینی هاوردەکراو پێویستە بەپێی کوالێتیی پەسندکراوی لیژنەکانی وەزارەتی سامانە سروشتییەکان بێت."
 
پێدانی رەزامەندیی هاوردەکردنی بەنزین بە بەنزینخانەکان لەسەر داوای پارێزگار و سەرۆکی ئیدارە سەربەخۆکان بووە و کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشییەکان بەوەکالەت رەزامەندی لەسەر داوە.
 
ماوەیەکە بەهۆی کەمیی بەنزین و خراپیی کوالێتییەکەی، لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان شۆفێران نۆرە بۆ وەرگرتنی بەنزینی کوالێتیی باش دەگرن.
 
رۆژی 26-07-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین بڵاوکردەوە و گوتی، لەپێناو رێگریکردن لە بەرزبوونەوەی زیاتری نرخەکە، رێگە بە تەواوی کۆمپانیاکان دەدەن بەنزین هاوردە بکەن.
 
رۆژی 02-08-2023، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بڵاویکردەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمبوونەوەی بەنزین و دابەزاندنی نرخەکەی، بڕی 540,000 لیتر بەنزین گەیشتە هەرێمی کوردستان و لە بەنزینخانەکان بە نرخی 750 دینار دابەش دەکرێت. رۆژی دواتر هەمان وەزارەت رایگەیاند، بڕی 1،512،000 لیتر بەنزینی دیکەش گەیشتە هەرێمی کوردستان. 
 
دوای گەیشتنی ئەو بەنزینە، لە بەشێک لە بەنزینخانەکانی هەرێمی کوردستان بە نرخی 750 دینار دەستکرا بە دابەشکردنی و تاوەکو ئێستا بەردەوامە، ئەمەش وایکردووە لەو بەنزینخانانە قەرەباڵخی دروستبێت و شۆفێران نۆرەی درێژی بۆ بگرن.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە