وەزارەتی شەهیدان: هەموو ئامادەکارییەکان بۆ گەڕاندنەوەی 171 رووفاتی ئەنفال کراوە
رووداو - هەولێر
دوای ئەوەی سەرەتای ئەم مانگە 50 رێکخراو، نووسەر و چالاکڤانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان داوای گەڕانەوەی رووفاتی 171 ئەنفالکراویان لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان کرد، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان رایگەیاند، هەموو ئامادەکارییەکیان بۆ گەڕاندنەوەی رووفاتەکان کردووە.
ئەمڕۆ سێشەممە 9-8-2022 وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی كۆرۆناوە گەڕانەوەی رووفاتەکان دواکەتووە؛ راشیگەیاند: "وەزارەتمان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ لایەنە پەیوەنديدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئامادەكاری پێویستی کردووە بۆ هێنانەوەی شكۆمەندانەی رووفاتەكان و بەخاكسپاردنەوەیان لە زێدی خۆیان".
وەزارەتی شەهیدان دەڵێت: "جێگەی داخە كە ژمارەیەك پەرلەمانتاری كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ژمارەیەك بەناوی كەسوكاری قوربانیان نامەی ناڕەزاییان لە گەڕاندنەوەی رووفاتەكان دایە دەزگای شەهیدانی عێراق كە رازی نین بەو رێكارانەی پێشتر گیراونەتەبەر بۆ هێنانەوەی رووفاتی شەهیدانی گۆڕە بەکۆمەڵەکان و شەهیدانی جینۆسایدكراو و گرفتیان بۆ ئەو پڕۆسەیە دروستكرد. وەزیری شەهیدان و ئەنفالكراوان كۆبوونەوەی لەگەڵ جێگری سەرۆكوەزیران كرد و تێیدا گفتوگۆی چڕوپڕ لەم بارەیەوەكرا و وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوان جەخت لەسەر پێویستیی گەڕاندنەوەی ئەو رووفاتانە دەكاتەوە و هەموو ئامادەكارییەكیشی بۆ ئەم مەبەستە ئەنجامداوە و هەوڵەكانیش بەردەوام دەبن بۆ هێنانەوەی ئەو رووفاتانە".
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، رۆژی سێشەممە 9ـی ئابی 2022، کۆمەڵێک لە رێکخراوەکانی تایبەت بە پرسی ئەنفال و کەسوکاری ئەنفالکراون لە چەمچەماڵ کۆبوونەوە. قاسم کازم، بەرپرسی رێکخراوی مانەوە بۆ پرسی ئەنفال بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئێمە داوای هەموومان لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا دەکەینە یاداشتێک و دەیدەینە وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان و جەختدەکەینەوە کە نابێت بەهیچ پاساوێک چیدیکە تەرمەکان لە بەغدا بمێننەوە".
قاسم کازم گوتیشی: "دۆخی بەغدا ئاڵۆزە و هیچ گەرەنتییەک بۆ رووفاتەکان نییە؛ سێ ساڵە لە بەغدا هێڵدراونەتەوە. لەم دۆخەدا هیچ بیانوویەک نییە بۆ مانەوەی رووفاتەکان و دەبێت بهێندرێنەوە؛ گرنگ نییە لە چ پارێزگایەکی هەرێمی کوردستان دەهێڵدرێنەوە و کەی بەخاک دەسپێردرێن؛ گرنگ ئەوەیە بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان".
لە ئابی ساڵی 2019دا لە ناوچەی تەلشێخە لە سنووری شاری سەماوە لە باشووری عێراق، سێ گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزرانەوە؛ یەکێک لە گۆڕەکان هەڵدرایەوە و دووانەکەی دیکە تەنیا دیاریکران؛ لەو گۆڕەی هەڵدرایەوە 171 رووفات هەبوون کە سەرجەمیان ژن و منداڵ بوون؛ لەو کاتەوە رووفاتەکان لە دادپزیشیکی بەغدا ماونەتەوە. تاوەکو ئێستا ناسنامەی رووفاتەکان بەفەرمی یەکلانەبووەتەوە کە خەڵکی کام گوند و ناوچەی هەرێمی کوردستانن.
لە رۆژی 5ـی ئابی 2022دا 50 رێکخراو، نووسەر و چالاکڤانی بواری جینۆساید و کەسوکاری ئەنفالکراوان راگەیێندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا هاتبوو: "مەخابن دوای سێ ساڵ، تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاو و هەوڵێك نابینین بۆ هێنانەوەی رووفاتی ئازیزانمان بۆ باوەشی نیشتمان، کە ماوەی سێ ساڵە لە دادپزیشکی بەغدان، ئەمەش کەمتەرخەمی و بێباکیی حکومەت لەبەرامبەر ئەم پرسە دەردەخات".
هەروەها هاتبوو: "مانەوەی رووفاتی ئازیزانمان لەمە زیاتر نائارامی بە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەبەخشێت، چونکە هەمان ئەو مەترسییانە بیری هەمووان دەهێنێتەوە کە بەسەر رووفاتی ئەنفالکراوانمان لە ساڵی (2013) هات، کاتێك بەهۆی شۆرتی کارەباوە بەشێکی دادپزیشکی شاری نەجەف سووتا و بەهۆیەوە رووفاتی ئەنفالکراوانمان لەو شوێنە سووتان، کە ئەمەش بە بەڵگە و نووسراوی فەرمی لای حکومەتی عێراق و رێکخراو ICMPـی نێودەوڵەتی تۆمارکراوە".
لەو راگەیێندراوەدا ئەم داواکارییانە خراونەتەڕوو:
یەکەم: بۆ رۆژی 21 ئاب کە ساڵڕۆژی یەکەم دانیشتنی دادگاییکردنی تاوانبارانی رژێمی بەعسە لەسەر دۆسییەی ئەنفال لە (21 ئابی 2006) و ئەم رۆژە بە فەرمی لە هەرێمی کوردستان بە رۆژی دادپەروەری ناسێندراوە، رووفاتی ئازیزانمان بگەڕێندرێنەوە هەرێمی کوردستان.
دووەم: له پرسی هێنانەوەی رووفاتی ئەنفالکراوان و هەڵدانەوەی گۆڕغەریبانی ئەنفالکراوانمان، گوێ لە ویستی سەرجەم کەسوکاری قوربانییانی ئەنفال بگیرێت بەبێ جیاوازی و بە یەکسانی؛ لە زۆرینەی کەسوکاری قوربانییان و رێکخراوەکانی بواری جینۆساید و نووسەران و توێژەران و چالاکوانانی ئەم بوارە، لەگەڵ بەپەلە هێنانەوەی (171) رووفاتەکەی ئەنفالکراوانمانن.
سێیەم: بەپەلە و خێرا دەستبکرێت بە هەڵدانەوەی سەرجەم ئەو گۆڕە بەکۆمەڵانەی دیکە کە لە هەمان ناوچەی تەلشێخە لە شاری سەماوە دۆزراونەتەوە و تاوەکو ئێستا بەدواداچوون و کار بۆ هەڵدانەوەیان نەکراوە کە بەشێکیان بە چەند مەترێك دوورتر دەکەونە تەنیشت ئەو گۆڕەی کە رووفاتی (171) ئازیزانمانی تێیدا بوو، چونکە بەهۆی گۆڕانکارییە سروشتییەکانی بیابان، مەترسیی داپۆشین و بزربوونی شوێنی گۆڕەکان بەردەوام هەیە.
چوارەم: داوا لە کەسوکاری ئەنفالکراوان دەکەین، بەپێی یاسای پاراستنی گۆڕە بەکۆمەڵەکانی عێراق بە ژمارە (5)ـی ساڵی (2006)، که بە یاسای ژمارە (13) ساڵی (2015) هەموارکراوەتەوە، بچن لە فەرمانگەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان لە بەغدا داواکاری بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان تۆمار بکەن، چونکە یاسای ئاماژە بۆ کراو، ئەولەوییەتی داواکاریی لەم پرسە بە کەسوکاری جینۆسایدکراوان داوە.
پێنجەم: حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەرانی کورد لە بەغدا، پرسەکانی جینۆسایدی گەلی کورد لە هاوشانی دۆسیەکانی بودجە و نەوت، بکەنە بنەمای گفتوگۆ و رێکەوتن لە کاتی پێکهێنانی حکومەتی ئاییندەی عیراق.
رۆژی 30ی تەممووزی 2022، بەشێکی دیکەی رووفاتی بارزانییە ئەنفالکراوەکان کە 100 رووفات بوو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە گەڕێندرانەوە هەرێمی کوردستان و رۆژی دواتر لە بارزان بەخاکسپێردران.
لە پڕۆسەی ئەنفالی باشووری کوردستاندا لە لایەن دەسەڵاتی بەعسی عێراقەوە لە ساڵی 1980 بۆ 1988، زیاتر لە 182 هەزار هاونیشتمانی ئەنفالکران کە زۆرینەیان لە دەڤەری گەرمیان بوون؛ تاوەکو ئێستا نزیکەی سێ هەزار و 500 رووفاتیان گەڕێندراوەتەوە بۆ هەرێمی کوردستان.