لە سنووری شنۆ کۆڵبەرێک دەکوژرێت و ژمارەیەکی دیکەش دەستگیردەکرێن


رووداو - دیجیتاڵ

سەرچاوە خۆجێییەکانی هەواڵ لە رۆژهەڵاتی کوردستان بڵاویانکردەوە کە لەسەر سنووری شنۆ کۆڵبەرێک بە تەقەی پاسدارانی ئێران کوژراوە و دوو کۆڵبەریش بریندار بوون و، ژمارەیەکیشیان دەستگیرکراون.
 
لە سنووری دەرگادەری سەر بە شاری شنۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان، هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران تەقەیان لە ژمارەیەک کۆڵبەر کردووە و لە ئەنجامدا کۆڵبەرێک گیانی لەدەستداوە و دوو کۆڵبەریش بریندار بوون.
 
ئەو کۆڵبەرەی گیانی لەدەستداوە، ناوی محەممەد ئەمین ئەحمەدییە و خەڵکی گوندی لاجانی ناوچەی مەرگەوەڕە، دوو کۆڵبەرەکەی دیکەش بە سەختی بریندار بوون و گوازراونەتەوە نەخۆشخانەی شنۆ. 
 
بەگوێرەی زانیارییەکان، هێزەکانی سوپای پاسداران دوای تەقەکردن لە کۆڵبەران، شەش کۆڵبەریشیان دەستگیرکردووە.