رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکەی 70ی پێشمەرگەکانی یەكێتی رایگەیاند، لیوا عوسمان حەسەن ناسراو بە حاجی عوسمان، کە تۆمەتبارە بە تەقەکردن لە خۆپێشاندەرانی کفری رادەستی دادگە کراوە.
سەرچاوەیەکی باڵا لە یەکەی 70 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لیوا عوسمان لە شوێنی تایبەت لای خۆمان لە زیندان بووە و بە بڕیاری دادگە ئەمڕۆ خۆی رادەست کردووە." گوتیشی، "بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی تاوەکو ئێستا لە بەردەستن، تەنیا ئەو رادەستی دادگە کراوە."
هاوکات، عەلی جەمال قدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ لیوا عوسمان حەسەن فەرماندەی پێشووی لیوای 136ی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە، لەگەڵ شەش له پاسەوانهكانیدا خۆیان رادەستی دادگەی قهزای کفری کردووە."
گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان ئاماژەی بەوەدا، ئەوان بەپێی ماددەی 406 لە یاسای سزادانی عێراق کە تایبەتە بە کوشتن، راگیراون و گوتهیان لێ وهردهگیرێت، دادگەش بڕیار لهسهر راگرتن یاخود مانهوهیان دهدات.
لە ئاڵۆزی و خۆپێشاندانەکانی رۆژی 10ی کانوونی یەکەمی 2020ـدا لە کفری بەهۆی تەقەکردنەوە شڤان محەممەدی تەمەن 21 ساڵ و برایەکی لەنێو خۆپێشاندەرەکاندا بریندار بوون، شڤان بەهۆی سەختیی برینەکەیەوە گیانی لەدەستدا.
ماڵی شڤان سکاڵایان لەسەر فەرماندەی لیوای 136ی هێزی 70 تۆمار کردووە.
رۆژی 14-12-2020 محەممەد شکور، باوکی شەهیدەکە بە رووداوی راگەیاند، "ئێمە سکاڵای خۆمان تۆمار کردووە. کەیسەکەمان داوەتە دەستی دادگە. داوا دەکەین ئەو خەڵکانەی پشێوییان ناوەتەوە راپێچی دادگە بکرێن، ئەوانەی تەقەیان لە خۆپێشاندەران کردووە لە دادگە ئامادەبن و گوتەیان لێ وەربگیرێت و سزای خۆیان وەربگرن."
رووداوەکە لە ناوەڕاستی بازاڕی کفریدا نزیک بارەگای ناوچەی پارتی و پۆلیسی بەرگریی شارستانی روویداوە. دادگە بۆ زانینی چۆنێتیی رووداوەکە پشتی بە شایەتحاڵ و کامێرای چاودێریی جێگەی رووداوەکە بەست.
لە کفری جگە لە گیانلەدەستدانی دوو کەس و برینداربوونی دووانی دیکە، بنکەی پۆلیسی هاتووچۆ، فەرمانگەی ڤێتێرنەری و کۆمیتەی راپەڕینی یەکێتی سووتێندران.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ