گوتەبێژی پۆلیس: بەڕێوەبەری قەرزی بچووک لە گەرمیان دەستگیرکرا


رووداو دیجیتاڵ

بەڕێوەبەری نووسینگەی قەرزی بچووک لە گەرمیان دەستگیرکرا. گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: بەڕێوەبەری نووسینگەکە "بە ماددەی 437 تۆمەتبار دەستگیرکراوە".
 
عەلی جەمال قەدووری، گوتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "سەرۆکی شارەوانیی کفری سکاڵای دژی ئارام کەریم، بەڕێوەبەری نووسینگەی قەرزی بچووک تۆمارکردووە و بە بڕیاری دادوەر رۆژی 8-8-2021 تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە".
 
بە گوتەی قەدووری، قادر فاتیح، سەرۆکی شارەوانی سکاڵاکەی بەهۆی "ناوزڕاندن"ەوە تۆمارکردووە.
 
ماددەی 437 لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە درکاندنی نهێنییەکان؛ دەکرێت کەسی تۆمەتبار دوای یەکلاییبوونەوەی "تاوان"ـەکە بە زیندانیکردن بۆ ماوەیەک کە زیاتر نەبێت لە دوو ساڵ و پێبژاردن بە 225 هەزار دینار زیاتر نەبێت یان یەکێک لەو دووانە سزادەدرێت.