کوڕی قازی محەممەد: گشتپرسی باشوور بەرهەمی خوێنی شەهیدانی هەرچوار پارچەیە

09-08-2017
گۆڤەند مستەفا
عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد، دامەزرێنەری کۆماری کوردستان لە مهاباد، پشتیوانی خۆی بۆ گشتپرسیی باشوور راگەیاند
عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد، دامەزرێنەری کۆماری کوردستان لە مهاباد، پشتیوانی خۆی بۆ گشتپرسیی باشوور راگەیاند
نیشانەکردن عەلی قازی گشتپرسی
A+ A-

رووداو - هەولێر

عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد، دامەزرێنەری  کۆماری کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا پشتیوانی خۆی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسیی باشووری کوردستان راگەیاند. داوایشی لە سەرجەم حیزبەکانی کوردستان کرد رۆژی 25ی ئەیلوول بەیەکەوە بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و داوای ئازادی و سەربەخۆیی بکەن.


عەلی قازی  ئومێدی خواست خەڵکێکی زۆری کوردستان بەشداری ئەو گشتپرسییە بکەن و بە بەڵێ دەنگ بۆ سەربەخۆیی کوردستان بدەن. گوتیشی: "وەکو چۆن پێشەوا قازی محەممەد گیانی خۆی فیدای ئەو میللەتە کرد، منیش وەکو کوڕی پێشەوا ئامادەم ئەگەر بێت بە مردنی من کوردستان یەک هەنگاو بەرەو پێش بڕوات، گیانی خۆم فیدای کوردستان بکەم".

دەقی گوتارەکەی عەلی قازی، کوڕی پێشەوا قازی محەممەد

بەناوی خوای گەورەو میهرەبان

بەڕێزان خوشک و برایانی هێژا و خەڵکی بەشەرەفی کوردستان

ئەمڕۆ من لەژێر تاوەری هەرچوار پارچەی کوردستان وەستاوم، ئەمە لەکاتێکدایە کە گەلەکەمان لە هەموو قۆناخە مێژووییەکانی پێشووتر لە ئێستا پێویستی بە یەکڕیزی رۆڵەکانی هەیە، چونکە میللەتەکەمان بە قۆناخێکی هەستیار و مێژوویی تێپەڕدەبێت و پێشمەرگە قارەمانەکانمان بەخوێنی پاکیان سنووری کوردستان دیاری دەکەن.

پێشمەرگەی کوردستان بووەتە داکۆکیکارێکی سەختی ئازادی و مافی گەلانی جیهان بەرامبەر بە تیرۆریزمی جیهانی داعش، بۆیە پێگەی کوردستان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بووەتە ئەمرێکی دیفاکتۆ و ناوچەکەش بەرەو گۆڕانکاری خێرا دەڕوات، ئێمەی کوردیش بۆ گەیشتن بە سەربەخۆیی و ئامانجە نەتەوەییەکانمان دەبێت سوود لە دەرفەتە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان وەربگرین و یەکڕیز بین.

خەبات و مافی بڕیاردان بۆ داهاتوویەکی گەشاوە و گەیشتن بە سەربەخۆیی ئامانجی سەرەکی گەلەکەمانە، کە لە مێژووی کۆماری کوردستانەوە وەکو یەکەمین کۆمار درەوشایەوە.

گەلەکەمان لەدوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 70 ساڵ لە خەبات، دووبارە لە رێگای گشتپرسییەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی خۆیان دەدەن، بۆیە پێویستە هەموومان بەدەر لە بیرکردنەوەی تەسکی حیزبی و ستراتیجیەتی نیشتمانی و یەکگرتوو بیر لە ئاسایشی نیشتمانی و بەرژەوەندییە باڵاکانیان بکەینەوە، کەواتە ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ سەربەخۆیی بۆ هیچ کەس و لایەنێک نییە، هەروەها تاکێک یان موزایەدەیەکی سیاسی هیچ لایەنێک نییە دژی لایەنێکی دیکە، بەڵکو دەرفەتێکی مێژووییە کە دەبێت لەدەستی نەدەین.

سەربەخۆیی ئاکامی خوێنی پاکی سەدەها هەزار رۆڵەی شەهیدی هەرچوار پارچەی کوردستانە، سەربەخۆیی هیوا و دەرگاو قۆناخی نوێی خەباتە بۆ پارچەکانی دیکەی کوردستان، کورد لەو پێناوەدا هۆکاری سەقامگیری و ئاشتییە لە ناوچەکەدا، خەبات دەکات لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی درواسێ و دابینکردنی ئاسایشی نێودەوڵەتی.

کورد جیا لەوەی دەیەوێت بە شکۆ بژیت، دەیەوێت بەهاری گەش بۆ گەنجی ئێستا و نەوەی داهاتوو بەدیبهێنێت، هیچ ئامانجێکی دژی لایەنێک یان وڵاتێک نییە، بۆیە لە کۆتاییدا داواکارم لە کوردستانیانی خۆشەویست لەپێناو سەربەخۆیی کوردستان بە هەموومان بە کورد و تورکمان و کلدان و سریان و ئاشووری، لە 25-9-2017 دا بە حەماسەتێکی نەتەوەییەوە پاڵپشتی لە پرۆسەی گشتپرسی بکەین و بەرامبەر بە هەڕەشەکان بە یەکگرتوویی بڕیار لەسەر مافی چارەنووسمان بدەین، چونکە پاڵپشتی لە ریفراندۆم و سەربەخۆیی کوردستان ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییمانە.

سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی هەرچوار پارچەی کوردستان.
بژی کورد و ئاوەدان بێت کوردستانەکەمان
براتان عەلی قازی ناسراو بە کوڕی رەش
8-8-2017

پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە