گومرگی پەروێزخان: قەبارەی ئالۆگۆڕی بازرگانیمان گەیشتە ملیارێک و 63 ملیۆن دۆلار

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەپێی ئاماری فەرمی، قەبارەی ئالۆگۆڕی بازرگانیی دەروازەی سنووریی پەروێزخان لە سێ مانگی رابردوودا یەک ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.
 
رەزا قوربانی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرکی پەروێزخان رایگەیاند، لە سێ مانگی رابردوودا قەبارەی ئاڵوگۆری بازرگانیی دەروازەکە (هەناردە، هاوردە و ترانزێتی کەلوپەل)، ملیارێک دۆلاری تێپەراندووە و گەیشتووەتە ملیارێک و 63 ملیۆن دۆلار.
 
رەزا قوربانی گوتی، لەو ماوەیەدا 680 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە 263 ملیۆن دۆلار لە رێگەی ئەو دەروازە سنوورییەوە هەناردە کراوە.
 
گوتیشی، لە سێ مانگدا یەک ملیۆن و 587 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای 800 ملیۆن دۆلار لە رێگەی دەروازەی سنووریی پەروێزخانەوە ترانزێت کراوە. زۆربەیان مازۆت، نەفتا، رۆنی پیشەسازی، بیتومین و کارتۆن بووە. 
 
بەپێی ئامارە فەرمییەکانی گومرگی ئێران، پار قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی لە دەروازەی سنووریی پەروێزخان، هەشت ملیۆن و 134 هەزار تۆن کەلوپەل بە بەهای زیاتر لە پێنج ملیار و 730 ملیۆن دۆلار بووە.