سوودانى بۆ ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک: پێنجشەممە یەکەم کۆبوونەوە بکەن

09-07-2024
هەستیار قادر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکوەزیرانى عێراق داوا لە ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک دەکات رۆژی پێنجشەممە یەکەم کۆبوونەوە بکەن؛ داوا لە هێزە سیاسییەکانیش دەکات ئەو خاڵانە جێبەجێبکەن کە لە دانوستاندنەکاندا لە سەریان رێککەوتوون.

محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق لە نووسینێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتیى ئێکس داواى لە ئەندامانى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک کرد رۆژی پێنجشەممە 11ى تەممووز، یەکەم کۆبوونەوە بە سەرۆکایەتیى سەرۆکى تەمەن بکەن.

سەرۆکوەزیرانی عێراق کاتى کۆبوونەوەکەشی دیاریکردووە کە کاژێر یەکى دوای نیوەڕۆیە لە بارەگاى ئەنجوومەنى پارێزگا.

سوودانى دەڵێت، "داوا لە هێزە سیاسییە پەیوەندارەکان دەکەین ئەو خاڵانە جێبەجێبکەن کە لە دانوستاندنى سیاسییەکان لە سەریان رێککەوتین و لە رۆژانى داهاتوویشدا ئەو دیالۆگانە تەواو دەکەین".

ئەو داوایەى سوودانى لە کاتێکدایە، تاوەکو ئێستا سەرپەرشتى دوو کۆبوونەوەى لایەنە براوەکانى کەرکووکى کردووە کە هێشتا لەسەر پێکهێنانى حکومەتى خۆجێیی رێکنەکەوتوون و یەکەم دانیشتنى ئەنجوومەنى پارێزگاش نەکراوە.  

سەرۆکوەزیرانى عێراق ئاماژەى بەوەداوە کە حکومەتى فیدراڵیى عێراق "سەرکەوتوو بوو لە ئەنجامدانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاکان بە کەرکووکیشەوە کە لە ساڵى 2005ەوە ئەو هەڵبژاردنەى تێدا نەکرابوو؛ هەروەها سەرپەرشتى چەند گەڕێکى گفتوگۆى نێوان ئەو لایەنانەمان کرد کە کورسی ئەنجوومەنى پارێزگاکەیان بەدەستهێناوە و لیژنەیەکیش بۆ ئەو مەبەستە پێکهێندراوە".

بە گوێرەى یاسا، 5ی شوبات دوا وادە بووە بۆ کۆبوونەوەى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک لەسەر داواى پارێزگار. 

سوودانى ئاماژەى بەوەدا کە ئەو دانوستاندنانە گەیاندوونى بە رێککەوتنى پێکهێنانى هاوپەیمانیى بەڕێوەبردنى کەرکووک کە سەرجەم هێزە براوەکان ئەندامن تێیدا و کۆنووسی رێککەوتنێکى سیاسیشی لێکەوتوەتەوە کە بنەما بنەڕەتییەکانى و لایەنى سیاسی، کارگێڕى، ئابووری و کەلتوورییەکانی تێدایە.

کۆبوونەوەى ئەنجوومەنەکە پێویستى بە ئامادەبوونی زۆرینەى سادەیە کە 9 ئەندامە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وێنەیەکی ئەرشیڤیی بارانبارین لە هەولێر، وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

کەشناسان: هێشتا پەڵەی نەداوە

شارەزایانی کەشناسی دەڵێن، تاوەکو ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان پەڵەی تەواوی نەداوە. ئەندازیارێکی کشتوکاڵیش لە هەولێر باس لەوە دەکات، بارانێکی دیکەی وەک 24 کاژێری رابردوو ببارێت، پەڵە دەدات.