رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەر هیڵن بۆ چارەسەرکردنی خێرای ئەو کێشەی بووەتە هۆی خەرج نەکردنی مووچەی وەزارەتەکەیان.
لە روونكردنەوەیەكدا وەزارەتی كارەبای هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە، "وەزیری كارەبا لەگەڵ لایەنە پەیوەندارەكان لەسەر هێڵە بۆ چارەسەركردنی خێرای ئەو كێشەیەی بووەتە هۆی خەرج نەكردنی مووچەی وەزارەتەكەمان."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "لەم رووەوە، هەمووان ئاگادار دەكەینەوە كە وەزارەتمان بە نووسراوی فەرمی ئەو تێبینییانەی لە راپۆرتی هەردوو دیوانی چاودێریی فیدراڵی و هەرێمی کوردستاندا هاتبوو، چارەسەری كردووە."
هەروەها وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، "لەم پێناوەشدا، خەرجیی مووچە و تەواوی شایستە داراییەكانی پۆلیسی كارەبای هەرێمی لەسەر میلاكی وەزارەتمان بۆسەر میلاكی وەزارەتی ناوخۆ گواستووەتەوە."
ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ لیستی مووچەی مانگی شەش راگەیێندرا، بەڵام وەزارەتەکانی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی مووچەکەدا نین، وەزارەتی دارایی لەوبارەیەوە گوتی، "تەمویلەکەیان لە بەغداوە نەهاتووە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی دروست بووە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ