چیرۆکی خنکانی 12 کورد و سووریایی لە تینوێتیدا لە بیابانەکانی نێوان لیبیا و جەزائیر


رووداو دیجیتاڵ

12 کورد و سووریایی لە بیابانەکانی نێوان لیبیا و جەزائیر لە تینوێتیدا خنکان. بە ڤیزا چووبوونە لیبیا و بەنیازبوون بۆ کارکردن بچنە جەزائیر.
 
خەلیل عیزەت ئیبراهیم خەڵکی کۆبانێ بوو، دوو هاوژین و شەش منداڵی هەیە. خەلیل پێش 20 رۆژ بە ڤیزا لە شامەوە چووەتە لیبیا و لەوێوە لەگەڵ سێ کورد و 8 سووریایی ویستوویانە بە قاچاخ بچنە لیبیا. 
 
خالید ئیبراهیم، ئامۆزای خەلیل بە رووداوی گوت: "لە رێگەدا گەیشتوونەتە بیابانێکی 1500 کیلۆمەتری، هەموویان بە یەک ئۆتۆمبێل چووبوون. ئاوێکی کەمیان پێ بوو، چونکە جێگەیان نەبوو، بۆیە ئاوی زۆریان نەبرد، ئەمەش بووە هۆکار بۆ ئەوەی ئۆتۆمبێلەکەیان لە شوێنێک بچەقێت و لە تینوێتیدا گیان لەدەست بدەن".
 
شوانێکی حوشتر ئەوانی دۆزیوەتەوە و دواتر لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئاگادارکردووەتەوە. ئامۆزاکەی دەڵێت، خەلیل ویستوویەتی بچێت لە جەزائیر کار بکات بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتر بۆ هاوژین و منداڵەکانی دابین بکات. 
 
رۆژی 7ـی ئەم مانگە کۆمەڵەی غۆسی جەزائیری دۆزینەوەی 12 تەرمەکەی راگەیاند، ئەو کاتە شەش رۆژ بوو لە بیابانەکان بێسەروشێن ببوون.
 
کەسوکاری قوربانییەکان چاوەڕێی گەڕانەوەی تەرمەکانن. کەسوکاری خەلیل لە هەولێر پرسەیان بۆ داناوە و دەڵێن، گەڕانەوەی تەرمەکەی پێویستی بە پارەیە.