بانکی خانووبەرەی عێراق سەرمایەکەی لە 50 ملیار دینارەوە بۆ 500 ملیار زیاد دەکات
رووداو دیجیتاڵ
بانکی خانووبەرەی عێراق زیادکردنی سەرمایەکەی بۆ 10 هێندەی پێشووی راگەیاند و دەڵێت، بانکی ناوەندیی عێراق لێبڕینی بۆ ماوەی پێنج ساڵ دواخستووە، ئەوەش وایکردووە زیاتر پارەیان لەبەردەستدا بێت.
عەباس جەواهیری، بەڕێوەبەری بانکی خانووبەرەی عێراق، لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی فەرمیی عێراق" واع"ـی راگەیاندووە :"بانکی خانووبەرەی عێراق سەرمایەکەی لە 50 ملیار دینارەوە بۆ 500 ملیار دینار زیادکردووە، ئەوەش کاریگەری لەسەر چالاکییەکانی بانکەکە لە پارەدارکردنی پڕۆژەکانی وەبەرهێنان و پێدانی قەرز بە هاووڵاتییان بۆ کڕینی یەکەکانی نیشتەجێبوون دەبێت و زیادیان دەکات."
ئەو بەڕێوەبەرەی بانکی خانووبەرە روونیشیکردووەتەوە: "کار بۆ ئەوە دەکەین سەرجەم ئەو رەزامەندییانەی پێشتر بۆ پێدانی قەرز دراون پاکتاو دەکرێن، پاشان دووبارە دەرگە بۆ هاووڵاتییان دەکرێتەوە بۆ ئەوەی بەپێی پلانێکی وردی ئامادەکراوی پێشوەختە دیسانەوە قەرزی خانووبەرەیان پێبدرێت."
ئەو بەرپرسەی بانکەکە باسی لەوەشکردووە، بانکی ناوەندیی عێراق دەستپێشخەرییەکی بۆ کردوون کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ قەرزەکانیان لێوەرناگرێتەوە، ئەوەش وا دەکات ئازادیی زیاتر لە پارەی گەڕاوە (مدەور) هەبێت.
گوتیشی:" بانکی خانووبەرەی عێراق یەکەم بانکە کە لە رێگەی ئەلیکترۆنییەوە قەرزەکانی کۆدەکاتەوە، ئەوەش لەپێناو ئاسانکردنی رێکارەکانی دانەوەی قەرزەکان."
جەواهیری دەڵێ: بانکەکە لە بە ئەلیکترۆنیکردنی زیاتری هەنگاوەکانی بەردەوام دەبێت.
بانکی خانووبەرەی عێراق، تاوەکو ئێستا قەرزی بە 40 هەزار خێزان داوە، قەرزەکانی دروستکردنی خانوو یان یەکەی نیشتەجێبوون دەدرێتەوە، لەگەڵ زیادکردنی ژوور بۆ خانوو، لەگەڵ کڕینی یەکەی نیشتەجێبوون لە کۆمەڵگەکان. بڕی قەرزەکانیشی دەگاتە 50 ملیۆن دینار و قەرزەکان بەشێوەی یەکسان مانگانە دەدرێتەوە و رێژەی سوو 3٪ دەبێت.