حکومەتی هەرێمی کوردستان: 91 کەس لە شێڵتەرەکان دەمێننەوە

09-07-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پار زیاتر لە 18 هەزار کەیسی تووندوتیژیی خێزانی تۆمارکراون. زیاتر لە 14 هەزار کەیسی تووندوتیژی بەرامبەر بە ئافرەتان رەوانەی دادگەکان کراون. دەشڵێت: لە شێڵتەرەکانی داڵدەدانیش 91 کەس هەن.
 
دیندار زێباری، رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، لە وەڵامی راپۆرتێکی رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی (ئەمنیستی ئینتەرناشناڵ) کە سەرەتای ئەم مانگە لەبارەی تووندوتیژییەوە لە هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، رایگەیاند "حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میکانیزمێکی کارا رووبەڕووی تووندوتیژیی خێزانی دەبێتەوە بۆ پاراستنی ئەو ئافرەتانەی هەڕەشەیان لەسەرە."
 
لە هەرێمی کوردستان پێنج شێڵتەری تایبەت بە داڵدەدانی ئافرەتی هەڕەشە لێکراو و یەک شێڵتەری تایبەت بە قوربانییانی بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەن. 
 
لەبارەی ئامارەکانی شێڵتەرەکانەوە زێباری شەوی رابردوو گوتی "تاوەکو رۆژی 8ـی تەمووزی ئەم ساڵ، لە پارێزگای هەولێر 49 کەیس، 38 کورد و 11 بیانی. لە سلێمانی 26 کەیس، 21یان کورد و 5یان بیانی. لە دهۆک 14 کەیس، 9یان کورد، و 5یان بیانی، هەروەها لە گەرمیان دوو کەیس هەبوون."
 
تایبەت بە ئامارەکانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی، روونیکردەوە، ساڵی 2023 بەمشێوەیە بووە، 18 هەزار و 620 کەیس هەبوون، لەوانە 1733 دۆسیەی دادگەی کەتن و دادگەی لێکۆڵینەوە 16 هەزار و 887 کەیس.
 
"کەیسە یەکلاییکراوەکانیش بریتیبوون لە 10 هەزار و 897، لە دادگەی کەتن 1071، دادگەی لێکۆڵینەوە 9826. هەروەها 14 هەزار و 599 کەیسی تووندوتیژیی بەرامبەر ئافرەتان لە ساڵی 2023دا رەوانەی دادگە کراون."
 
لە هەرێمی کوردستان 29 نووسینگەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزانی هەن، لەنێو کەمپەکانیشدا 22 تیمی گەڕۆک هەن. 
 
بەپێی قسەی دیندار زێباری، داواکاری گشتی دۆسیە دژی هاوسەرگیری پێش تەمەنی یاسایی، هاوسەرگیری زۆرەملێ و هاوسەرگیری كاتی دەجووڵێنێت. تەنیا لە ساڵی 2023دا، 313 لێکۆڵینەوەی لە کەیسی بەشوودانی پێشوەختەدا کردووە. 
 
رۆژی چوارشەممە، 3ـی ئەم مانگە رێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی ناسراو بە ئەمنێستی ئینتەرناشناڵ، راپۆرتێکی لەبارەی هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە و گوتی: بەرپرسانی هەرێمی کوردستان شکستیان هێناوە لەوەی ئەنجامدەرانی تووندوتیژییەکان، وەک کوشتن، دەستدرێژی سێکسی، لێدان و سووتاندن رووبەڕووی بەرپرسیاریێتی بکەنەوە. ئەوان هەروەها جووڵەی ئەو کەسانە سنووردار دەکەن کە داوای پاراستن لە پەناگەکان دەکەن."
 
بەگوێرەی راپۆرتەکە، لەساڵی 2023ـدا لانیکەم 30 ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون، لەساڵی 2022شدا 40 ژن، بەڵام بەپێی کارمەندانی رێکخراوە ناحکومییەکان کە قسەیان بۆ رێکخراوەکە کردووە، ژمارەکە زیاترە.
 
ئەمنیستی داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات بەپەلە کۆتایی بە دیاردەی نەبوونی لێپێچینەوە لە بکەرانی تووندوتیژی خێزانی بهێنن. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."