هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا: دادپەروەری نییە خانەنشینی هەرێمی کوردستان نیوەی خانەنشینی عێراق مووچەیان هەبێت

 
رووداو - بەغدا

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی هەرێمی کوردستان سەرقاڵی ئامادەکردنی لیستی هاوتاکردنی مووچەکانیانن. رووداو زانیویەتی، لەگەڵ ناردنی لیستی مووچەی مانگی تەممووز ئەو لیستەش رەوانەی بەغدا دەکرێت.
 
لەسەر ئاستی پەرلەمانی عێراق، هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، پشتیوانیی خۆیان بۆ هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان رادەگەیێنێت.
 
عەقیل فەتلاوی، گوتەبێژی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەڵێت، "ئێمە لەگەڵ پرسی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینانداین، بەڵام بەو مەرجەی تێگەیشتن و لێکتێگەیشتنێکی روون لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی هەبێت بۆ جێبەجێکردنی ئەو داواکارییانەی ئەم پرسەی پێ جێبەجێ دەکرێت. کاتێک هاووڵاتییەک[ی خانەنشین لە عێراق] 500 هەزار دینار وەردەگرێت و هاووڵاتییەکی دیکە [لە هەرێمی کوردستان] 250 هەزار دینار وەردەگرێت، ئەمە دادپەروەری نییە."
 
بەڕێوەبەرایەتیی خانەنشینی سلێمانی لیستەکەیان تەواو کردووە، بە تەنها لەو سنوورە، مانگانە 28 ملیار دینار زیاد دەکات؛ هەولێر، دهۆک و هەڵەبجە-یش سەقاڵی ئامادەکردنی لیستەکانیانن. ئەندامێکی لیژنەی ئابووری دەڵێت، لە ئەگەری هاوتانەکردنی ئەو مووچانە، وەزیری دارایی بانگهێشتی پەرلەمان دەکەن.
 
بڕیار رەشید، ئەندامی لیژنەی ئابووریی پەرلەمانی عێراق گوتی، "لە هەوڵدا دەبین بۆئەوەی هەرچی زووە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئەو مووچانەیان بۆ رێکبکرێت و خەرج بکرێت، لە ئەگەر بوونی هەر بیانوویەک یان جێبەجێ نەکردن، ئەوکاتە بەدواداچوونمان دەبێت و بانگهێشتی وەزیری دارایی دەکەین."
 
بەپێی یاسای هەموارکراوی خانەنشینی یەکگرتوو، ژمارە (9)ی ساڵی 2014ی عێراق، کەمترین مووچە 500 هەزار دینارە، 280 هەزار دیناریان لە خانەنشینی کوردستان زیاترە.
 
ئەگەر کێشە و ململانێ سیاسییەکان تێکەڵ بە پرسی هاوتاکردنی مووچەی خانەنشینان نەکرێت، ئەوا هیچ گرفتێکی یاسایی لەبەردەم ئەو پرسەدا لەئارادا نییە، چونکە یاسای خانەنشینی یەکگرتوو لە عێراق کارپێکراوە.
 
خانەنشینان دوای ساڵانێک لە خزمەت، چاویان لەوەیە خاوەنی گیرفانێکی گەرم و شایستە بە خۆیان بن.