چوار پەرلەمانتارى کەرکووک داوا لە سوودانى دەکەن راکان جبوورى خانەنشین بکات

 
رووداو دیجیتاڵ

چوار پەرلەمانتارى کەرکووک بە نووسراوى فەرمى داوا لە محەممەد شیاع سوودانى، سەرۆکوەزیرانى عێراق دەکەن راکان جبوورى خانەنشین بکات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی گەیشتووەتە تەمەنى خانەنشینبوون.
 
نووسراوەکە لەلایەن دیلان غەفوور، گەیلان قادر و سەباح حەبیب، پەرلەمانتارانى یەکێتى و دورەید جەمیل، کۆتای کریستیانى سەر بە بزووتنەوەى بابلیۆن لە پەرلەمانى عێراق ئاراستەى محەممەد شیاع سوودانی کراوە.
 
ئەو پەرلەمانتارانە ئاماژەیان بەوە داوە، راکان جبووری، پارێزگاری کەرکووک بە وەکالەت تەمەنى یاسایی خانەنشینبوونى تێپەڕاندووە. هەروەها گوتوویانە، ئەو پێگەیەى ئێستا راکان جبووری هەیەتى، جیاوازە لە پێگەی پارێزگارەکانی دیکە.
 
دیلان غەفوور، ئەندامى پەرلەمانى عێراق لە فراکسیۆنى یەکێتى، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "ئەو ئەنجوومەنەى راکان جبوورى وەک پارێزگار بەوەکالەت هەڵبژارد لە ساڵى 2019ەوە نەماوە و ئەنجوومەنى نوێ هەڵبژێردراوە. ئەو پارێزگارانەى ئێستا لە عێراق هەن و تەمەنیان لە 60 ساڵ تێپەڕ بووە، لەلایەن ئەنجوومەنى نوێوە هەڵبژێردراون."
 
راکان جبوورى لە ساڵی 2017 ەوە وەک پارێزگارى بە وەکالەت لە کەرکووک دەستبەکار بووە و ئێستا تەمەنى گەیشتووەتە 60 ساڵ.
 
دیلان غەفوور گوتى، "راکان جبووری ئێستا ناتوانێت بودجەى پارێزگاکە پەسند بکات، چونکە ئەوە لە دەسەڵاتى ئەنجوومەنى پارێزگادایە. ئەگەریش کارێکی لەو جۆرە بکات، ئەو کاتە لە دادگەى کارگێڕى سکاڵا دژى تۆمار دەکەین. دەکرێت  بۆ پرسى دیکەش لە دادگەى فیدراڵى سکاڵا دژی تۆمار بکرێت". 
 
بە گوێرەى یاسای خانەنشینیى یەکگرتوو کە لە ساڵى 2019 لە پەرلەمانى عێراق دەنگی لەسەر دراوە، 60 ساڵى وەک تەمەنى یاسایی خانەنشین دیاریکراوە. بە گوێرەى نووسراوى چوار پەرلەمانتارەکە، ئەو تایبەتمەندییەی یاساکە کردوویەتى بۆ خانەنشیننەکردن پۆستەکەى راکان جبوورى ناگرێتەوە. 
 
راکان جبوورى لە هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى پارێزگاى کەرکووک وەک ئەندامى ئەنجوومەن هەڵبژێردرا، بەڵام تاوەکو ئێستا سوێندى یاسایی نەخواردووە بۆ دەستبەکاربوونى وەک ئەندامى ئەنجوومەن.