رووداو دیجیتاڵ
کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق رێنوێنییەکى لەبارەى مەرجى خۆبەربژێرکردن بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان هەموار دەکات.
بڕیارى هەموارەکە لەلایەن ئەنجوومەنى کۆمیسیارانەوە دراوە و گۆڕانکارییەکە لە رێنوێنییەکانى تۆمارکردن و راستاندنى لیستى بەربژێران کراوە، بژاردەیەکی دیکە زیادکراوە کە بەربژێران دەتوانن لە رێگەیەوە ناویان تۆمار بکەن، ئەویش بوونى کارتى بایۆمەتریى دەنگدانە.
لە رێنوێنیی پێشووى کۆمیسیۆندا ئاماژە بەوە درابوو، بەربژێر دەتوانێت لە رێگەى ناسنامەى بارى شارستانی یان کارى نیشتمانییەوە خۆى بەربژێر بکات.
جومانە غەلاى، گوتەبێژى کۆمیسیۆنی باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕى میدیایی رووداوى راگەیاند، "زیادکردنى کارتى بایۆمەتریى دەنگدان وەک یەکێک لە رێگەکانى پێشکێشکردنى داواکاریى بەربژێران لەبەرئەوەیە کە ئەو کارتە سەرجەم زانیارییەکانى دیکەى تایبەت بە ناسنامەى بارى شارستانى و کارتى نیشتمانى تێدایە."
لە 4ى تەممووزەوە کۆمیسیۆن دەرگای پێشکێشکردنی بەربژێرانی هاوپەیمانی، پارت، بەربژێری تاک و پێکهاتەکانی بۆ بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردەوە و تاوەکو 15ى تەممووز بەردەوام دەبێت.
جومانە غەلاى گوتى، "بەربژێران دەتوانن لە رێگەى یەکێک لەو سێ بەڵگەنامەیەوە داواکاریى بەربژێربوونى خۆیان پێشکێشی کۆمیسیۆن بکەن".
20ـى تشرینى یەکەمى 2024 وەک رۆژى هەڵبژاردنى پەرلەمان دیاری کراوە، بەڵام دەنگدانى تایبەتى هێزە ئەمنییەکان پێش ئەو رۆژە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ