رووداو دیجیتاڵ
شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە سنووری قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆک بەردەوامە و تراکتۆری هاونیشتمانییەک سووتا.
تاهیر ئەسکەندەر، هاونیشتمانییەکی دانیشتووی گوندی بەریگارییە لە سنووری قەزای ئامێدی و ئەمڕۆ سێشەممە 09-07-2024 بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە ئەنجامی شەڕی نێوان سوپای تورکیا و گەریلاکانی پەکەکە لە سنووری گوندەکەیان، ئاگر لە دەخڵودانەکەی کەوتووەتەوە و تراکتۆرەکەیشی سووتاوە.
سەبارەت بەوەی سوپای تورکیا لە کەوتنەوەی ئاگرەکە بەرپرسە یان گەریلاکانی پەکەکە، تاهیر ئەسکەندەر گوتی، "نازانین کامیان بووە. شەڕەکە لەنێوان تورکیا و پەکەکەیە و هەریەکەیان ئەوی دیکە بە رووداوەکان تۆمەتبار دەکات و هەردوولاش لە ناوچەکەدان."
تراکتۆرەکەی تاهیر ئەسکەندەر بە تەواوی سووتاوە و خاوەنەکەی دەڵێت، جووتیارە و خەریکی کشتوکاڵە. ئاماژەی بەوەش کرد، نرخی تراکتۆرەکەی نزیکەی 4000 دۆلار بوو.
چەند رۆژێکە شەڕی نێوان گەریلاکان و سوپای تورکیا لە سنووری قەزای ئامێدی چڕ بووەتەوە، ئەوەش زیانی بە ماڵ و موڵکی هاونیشتمانیان گەیاندووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ