لیستی مووچەی مانگی شەش راگەیێندرا و لە دوو رۆژدا مووچە دابەش دەکرێت

09-07-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی شەشی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی راگەیاند. بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی، لە دوو رۆژدا سەرجەم وەزارەت و دەستەکان، جگە لە هێزە ئەمنییەکان و وەزارەتی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان، مووچەی مانگی شەش وەردەگرن.
 
بەپێی لیستەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، سبەی چوارشەممە 10ی تەممووز ئەم شوێنانە مووچەی مانگی شەش وەردەگرن: وەزارەتەکانی تەندروستی، کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، دارایی و ئابووری، ناوخۆ، ب. گشتی رەگەزنامە، دەستەی دەستپاکی، دەستەی وەبەرهێنان، دەستەی ژینگە، دەزگای مین، ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم، دیوانی چاودێریی دارایی و مافی مرۆڤ.
 
هەروەها رۆژی پێنجشەممە 11ی تەممووز، وەکو لە لیستەکەدا هاتووە، ئەم شوێنانە مووچەی مانگی حوزەیران وەردەگرن: وەزارەتەکانی پەروەردە، داد، ئەنجوومەنی دادوەری، ئەوقاف و کاروباری ئایینی، کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان، بازرگانی و پیشەسازی، سامانە سرووشتییەکان، گواستنەوە و گەیاندن، کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، شارەوانی و گەشتوگوزار، پلاندانان، رۆشنبیری و لاوان، خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردن، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران.
 
هەروەها وەزارەتەکانی کارەبا و سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لە لیستی مووچەکەدا نین، وەزارەتی دارایی لەوبارەیەوە دەڵێت، "تەمویلەکەیان لە بەغداوە نەهاتووە، لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق لەسەر هێڵین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتەی دروست بووە."
 
 
لیستەکەی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی وەزارەتی پێشمەرگە و یەکەکانی 70 و 80ی تێدا نییە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی بەغدا دەڵێت، وردبینیی تێدا دەکرێت و دەبێت چارەسەر بکرێت.
 
لەوبارەیەوە، ئەمڕۆ سێشەممە 09-07-2024 شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە کۆلێژی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارقوڕنە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە گوتارێکدا رایگەیاند، "مووچەکە لە بەغداوە دێت. دەبێت ئەمڕۆ لیژنەی حکومەتی عێراق سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە بکەن. دڵنیام دوای ئەوە کێشەکە لەم دوو، سێ رۆژەدا چارەسەر دەکرێت. هاوکاریی هاوپەیمانان هیچ کێشەیەکی نییە."
 
مووچەی هێزە ئەمنییەکان مانگانە زیاتر لە 345 ملیار دینارە، بەو پێیەش دەبێت عێراق بۆ ئەو دوو مووچەیەی نەدراوە نزیکەی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە