زانیاریی نوێ لەبارەی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە سلێمانی
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی دەڵێت، بۆ دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا 15 هەزار دۆنم زەوی لە سنووری تانجەرۆ، تاسڵوجە و سۆتكە ئامادەکراوە.
زەردەشت رەفیق، گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی لەكاتی بەشداریکردنی لە پۆدكاستی (بەكاتی سلێمانی) كە ئاسۆ سەراوی هەفتانە لە رادیۆی رووداو پێشكەشی دەكات، رایگەیاند، لە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی لیژنەیەك بۆ كارەكانی تایبەت بە دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران پێکهێندراوە و گوتیشی، "15 هەزار دۆنم زەوی بۆ جیاکردنەوە لە ناوچەكانی تانجەرۆ، تاسڵوجە و سۆتكە ئامادەیە. هیچ زەوییەك ناكەوێتە دەرەوەی سنووری ماستەرپلانی شارەوە".
گوتەبێژی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی گوتی، ئەو زەویانە 200 مەترین و بۆ هەر مەترێكیش 5 هەزار دینار وەردەگیرێ، "واتە ئەو فەرمانبەرەی زەویەكی 200مەتری پێدەدرێت، تەنیا بڕی یەك ملیۆن دیناری لێوەردەگیرێ بۆ تاپۆ كردنەكە و هیچ بڕە پارەیەكی دیكە نادات".
لەبارەی ئەوەی ئایا پێش دابەشكردنی زەوییەكان، خزمەتگوزاری دەبرێتە ئەو شوێنانە یان بەشێكی پارەکەی کە وەردەگیرێت بۆ خزمەتگوزاری خەرج دەكرێتەوە؟ وەڵامی گوتەبێژەكەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی ئەوە بوو كە هێشتا ئەوە یەكلایی نەبووەتەوە و گوتیشی، "بەڵام لێرەوە داوا دەكەم بەشێكی ئەو پارەیە بۆ گەیاندنی خزمەتگوزاری بەكاربێتەوە".
ئایا كەسانی خانەنشین دەتوانن لە بڕیاری تایبەت بە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن، زەردەشت رەفیق گوتی، "ئەوانەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا خانەنشینبوون سوودمەند نابن، بەڵام ئەوانەی پێشتر فەرمانی وەرگرتنی زەویان هەبووە و ئێستا خانەنشینن، بەتایبەت ئەوانەی دوای 2007 خانەنشین بوون، دەتوانن فۆڕم پڕبكەنەوە و سوودمەند بن. تەنانەت ئەگەر كەسەكە لە ژیانیشدا نەمابێت، بەڵام فەرمانی وەرگرتنی زەوی هەبێت، ئێستا واریسەكەی دەتوانێ سوودمەند بێت".
گوتەبێژەكەی سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی گوتی، ئەگەر فەرمانبەرێك ژیانی هاوژینی پێكهێنابێت، بەڵام پێشتر سوودمەندبووبێت لە وەرگرتنی زەوی یان خانوو یان خانووی زێدەڕەوی لەسەر تاپۆ كرابێت، ئێستا هاوژینەكەی دەتوانێ فۆڕم پڕبكاتەوە و زەوی وەربگرێت. زەردەشت رەفیق دەڵێت: "ئەگەر دوو فەرمانبەر هاوژینی یەکدی بن و پێشتریش هیچیان سوودمەند نەبووبن، ئەوا ئێستا بۆ وەرگرتنی زەوی خاڵی هەردووكیان كۆدەكرێتەوە".
بە گوتەی ئەو بەرپرسەی شارەوانی سلێمانی، ئەگەر فەرمانبەرێك پێشتر خانووی زێدەڕۆی لەسەر تاپۆكرابێت یان خانووی لە حكومەت وەرگرتبێت، مافی نییە فۆڕم پڕبكاتەوە، چونكە بە سوودمەند هەژمار دەكرێت و ئاماژەی بەوەشکرد، "هەموو فەرمانبەرێك بەڵێننامەی ئەوەی لێوەدەگیرێ كە پێشتر سوودمەندنەبوو بێت. ئەگەر فەرمانبەرێك ئاشكرا بوو كە پێشتر سوودمەند بووە، بەڵام فۆڕمی پڕكردووەتەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە تووشی سزای یاسایی دەبێت".
بە گوێرەی رێنماییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو فەرمانبەرێك كە 8 ساڵ خزمەتی هەبێت، دەتوانێ فۆڕمی وەرگرتنی زەوی پڕ بكاتەوە، بەڵام فەرمانبەرانی گرێبەست ناتوان فۆڕم پڕبكەنەوە.