وەزیری پێشمەرگە: کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان لەم دوو، سێ رۆژە چارەسەر دەبێت

هەولێر دیجیتاڵ

وەزیری پێشمەرگە لەبارەی کێشەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان رایگەیاند، "بڕیارە ئەمڕۆ لیژنەی حکومەتی عێراق سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگە بکات"؛ ئاماژەی بەوەشکرد، "کێشەی مووچە لەم دوو سێ رۆژەدا چارەسەر دەبێت." 
 
ئەمڕۆ (سێشەممە، 9ی 7ی 2024) شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە کۆلێژی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە لە چوارقوڕنە لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە گوتارێکدا رایگەیاند: "ئێستا وەزارەتی پێشمەرگەی کوردستان لە قۆناخی یەکخستنەوەی هێزەکانیەتی و لەوپەڕی هەنگاوی جیدیدایە."
 
وەزاری پێشمەرگە ئاماژەی بەوە دا سەرباری هەموو دۆخ و گۆڕانکارییەکان ''وەزارەتی پێشمەرگە پەیوەندییەکی دروستی لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراقدا هەیە. سوپای یەکگرتووی کوردستان تەنیا بۆ شەڕ و بەرگری نییە، بەڵکو سوپای ئاشتییە لە هەرێمی کوردستان و عێراق. سوپای یەکگرتووی کوردستان چەندە بەهێز بێت، گێچەڵ و بەڵا لە هەرێمی کوردستان دووردەکەوێتەوە."
 
وەزیری پێشمەرگە دوای پیرۆزبایی خۆی بۆ دەرچووانی هەشتەمین خولی کۆلێژی ئەرکان گوتی "دەرچووانی ئەم کۆلێژە مایەی بەهێزیی سوپای یەکگرتووی کوردستانن؛ لەبری ئەوەی باوەڕی حیزبی و حیزبایەتی بەهێز بکەن، باوەڕی نیشتمانی و کوردستانی بەهێز بکەن." 
 
دواتر شۆڕش ئیسماعیل لەبارەی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکان کە هێشتا مووچەکانی مانگی ئایار و حوزەیرانیشیان وەرنەگرتووە، گوتی، "لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی چارەسەری بکەین." 
 
سەبارەت بە یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە رایگەیاند، "بە شێوەیەکی باش قۆناخەکان بەرەوپێش چوون؛ هەموو پرۆسەیەکی چاکسازی گرفتی خۆی هەیە، بەڵام ئێمە وەکو یەک تیمی یەکگرتوو لە وەزارەتی پێشمەرگە، توانیومانە بەسەر بەشی زۆری گرفتەکان زاڵ بین. پرۆسەی چاکسازی کاتیشی دەوێت."  
 
لەبارەی وادەی دابەشکردنی مووچەی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانەوە شۆڕش ئیسماعیل گوتیشی "مووچەکە لە بەغداوە دێت. دەبێ ئەمڕۆ لیژنەی حکومەتی عێراق سەردانی وەزارەتی پێشمەرگە، یەکەکانی 70 و 80ی پێشمەرگە بکەن. دڵنیام دوای ئەوە کێشەکە لەم دوو، سێ رۆژەدا چارەسەر دەکرێت. هاوکاریی هاوپەیمانان هیچ کێشەیەکی نییە."  
 
مووچەی هێزە ئەمنییەکان مانگانە زیاتر لە 345 ملیار دینارە، بەو پێیەش دەبێت عێراق بۆ ئەو دوو مووچەیەی نەدراوە نزیکەی 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت.