کۆتایی تەممووز کەمپەکان دادەخرێن؛ ئاوارەکان گلەیی لە سستیی بەڕێوەچوونی مامەڵەکانیان دەکەن

09-07-2024
حەیدەر دۆسکی
رۆژانە کاروباری سێ کەمپ بەڕێوەدەبرێن. بەشێکی زۆریان چەندین جارە سەردانی فەرمانگەکە دەکەن و هێشتا نۆرەیان نەهاتووە.
رۆژانە کاروباری سێ کەمپ بەڕێوەدەبرێن. بەشێکی زۆریان چەندین جارە سەردانی فەرمانگەکە دەکەن و هێشتا نۆرەیان نەهاتووە.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

مامەڵەکانیان بەرزدەکەنەوە بۆ ئەوەی لێیان وەربگیرێن. هیچ کامێکیان لە زمانی ئەوەی دیکە تێناگات. ئاوارەکانی شنگالن لە بەردەم لقی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دهۆک و دەیانەوێت مامەڵەی گەڕانەوەیان بۆ شنگال بەڕێبکەن. 
 
زۆربەیان لە بەرەبەیانەوە روویان لە فەرمانگەکە کردووە. وەسنێ ئیبراهیم دانیشتووی کەمپی داودییە لە دایکبووی 1939یە؛ لەژێر سێبەری درەختێکی سەر شەقام دانیشتووە و چاوەڕێی نۆرەی خۆی دەکات. 
 
وەسنێ ئیبراهیم دەڵێت: "نانی بەیانیمان نەخوارد و هاتین. کچەکەم گوتی دایە هەستە لەخەو. گوتم چی بووە. گوتی هەستە با بچین. گوتم من ناتوانم. بە تاوسی مەلەک من بەئەستەم توانیومە بێم." 
 
رۆژانە کاروباری سێ کەمپ بەڕێوەدەبرێن. بەشێکی زۆریان چەندین جارە سەردانی فەرمانگەکە دەکەن و هێشتا نۆرەیان نەهاتووە. 
 
دەخیل عاسم، ئاوارەی شنگالە و دەڵێت: "سوێند بەخودا بۆ جاری سێیەمە دێمە ئێرە. تەنیا پەنجەمۆرم کردووە. تا 20 رۆژی دیکە نۆرەی من نایەت. ئەم فەرمانگەیە ستەممان لێدەکات. لە کەمپی بێرسڤێم و لە دوێنێوە هاتووم." 
 
وادەی داخستنی کەمپی ئاوارەکانی شنگال 31ـی ئەم مانگەیە. تا ئەو کاتە، چوار ملیۆن دینار بە هەر خێزانێک دەدرێت بگەڕێتەوە شنگال. ئەگەر لەو کاتەدا کەمپەکان دانەخران، بڕیارەکە دەچێتەوە بەردەم ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق. 
 
عەلی عەباس جەهانگیر، گوتەبێژی گشتیی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق دەڵێت: "خواستێکی زۆر لەسەر لقەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکەمان هەیە، بەتایبەت لە دهۆک. تائێستا نزیکەی شەش هەزار کەس داوای گەڕانەوەیان کردووە. ئێمە 30 فەرمانبەرمان بۆ لقی دهۆک ناردوون بۆ ئەوەی کاروباری هاووڵاتییان بەڕێبکەن. ئەگەر کەمپەکان لە وادەی دەستنیشانکراوی خۆیاندا دانەخرێن، ئەوکات دەبێت ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری لێوە بدات."
 
16 کەمپی ئاوارەکان لە سنووری پارێزگای دهۆک هەن. ژمارەی ئاوارەکان دەگاتە 70 هەزار کەس. ئەو بڕە پارەیەی بۆ گەڕانەوەشیان پێدەدرێ، تەنیا ئەو ئاوارانە دەگرێتەوە کە لەنێو کەمپەکاندا دەژین. 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە