پارێزەرێکی کورد لە کەرکووک داوایەکی یاسایی لە راکان جبووری دەباتەوە

09-07-2023
هەردی محەممەد عەلی
هەردی محەممەد عەلی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

دادگەی کەرکووک داوایەکی یاسایی راکان جبووری، پارێزگارى کەرکووک بە وەکالەت لەبەرژەوەندی پارێزەرێکی کورد یەکلایی کردەوە. 
 
ساڵی 2019 گرووپێک بەناوی راکانیوون بە درووشمی "جوداخوازەکان و داعش" جیاوازییان نییە خۆپێشاندانیان کرد، لەوکاتەدا هەژار کاکەیی کە پارێزەرێکی کوردە لە کەرکووک لە فەیسبووک بە پۆستێک وەڵامی دایەوە و نووسیبووی راکان جبووری پشتیوانی داعش و کۆنە بەعسییەکان دەکات. 
 
پارێزەرە کوردەکە بە رووداوی راگەیاند، داواکەی راکان جبوری بۆ ساڵی 2019 دەگەڕێتەوە. 
 
لە یەکەم دادگاییدا، بەگوتەی هەژار کاکەیی، دادوەر بە سزای پێبژاردن بڕیاری لەسەر داواکە دابوو، بەڵام داوای پێداچوونەوەی کرد و ئەمڕۆ یەکشەممە 09-07-2023 دادگا دوایین بڕیاری لەبەرژەوەندیی پارێزەرەکە دا و سکاڵاکەی راکان جبووری رەتکرایەوە. 
 
بۆچی دادگە داواکەی راکان جبووری رەتکردەوە 
 
بەگوێرەى بڕیارى دادگەى کەتنى کەرکووک، کە لە رۆژی 9ى تەممووزی 2023 دەرکراوە، ئاماژە بەوە دراوە؛ راکان جبوورى، پارێزگارى کەرکووک بەوەکالەت سەرەڕاى ئەوەى دووجار ئاگادارکراوەتەوە، بەڵام لە دانیشتنی دادگە ئامادە نەبووە. بەوپێیەى ئەو تۆمەتەى ئاراستەى هەژار نورەدین وەلى کردووە، "مایەى ئاشتەواییە"، دادگە بڕیاری دا سکاڵاکەى راکان جبوورى رەتبکاتەوە. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە