رووداو دیجیتاڵ
لە 15 پارێزگای عێراق نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران دەستیپێکرد، لە پارێزگای کەرکووک ژمارەی دەنگدەران بەو کەسانەوەی ئەمساڵ مافی دەنگدانیان دەبێت دەگاتە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر و بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەتوانن دەنگبدەن.
عەلی حەیدەر هەر لەدوای تاقیکردنەوەی شەشەمی ئامادەیی لەگەڵ باوکی چووە بۆ تۆمارکردنی ناوەکەی لەبنکەیەکی کۆمسیۆن. عەلی لەدایکبووی ساڵی 2005ـە و یەکمجارە مافی بەشداریکردنی لەهەڵبژاردنەکان دەبێت.
تۆمارکردنی ناوەکەی بەهۆی گوشاری سەر تیمەکانی کۆمیسیۆنەوە زۆری پێدەچێ، بەڵام ئەو پەرۆشی ئەوەیە کارەکانی تەواو بکات تا لە دوایین هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا بەشداری بکات و دەنگ بدات.
عەلی دەڵێت، "ئەمڕۆ لەتاقیکردنەوە دەرچووم، هاتم تا کارتی دەنگدان دەربکەم. پێموایە هەموو کوردێک دەبێ کارتی دەنگدانی هەبێت تا یەک دەنگ و یەک رەنگبین."
حەیدەری عەبدوڵلای باوکی عەلی دەڵێت، "هەرچەندێک حیزب و لایەنە سیاسییەکان لەم هەڵبژاردنە پاڵپشتی لە خەڵک بکەن، خەڵکیش پەرۆشیان دەبێت و یارمەتیاندەدا تا کورد سەربکەوێ."
بۆ بایۆمەتری و پڕۆسەکانی دیکەی تایبەت بە هەڵبژاردن خەڵک سەردانی بنکەکان دەکەن. لە کەرکووک جیا لە 43 بنکە، تیمی گەڕۆکی کۆمیسیۆنیش لەفەرمانگەکان دەگەڕێن بۆ بایۆمەتری و نوێکردنی تۆماری دەنگدانی هاونیشتمانیان.
کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان کە ماوەیەکە لەبەردەم هێرشی لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکاندایە، بەفەرمی دەستپێکردنی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانیان راگەیاند.
گوتەبێژی کۆمسیۆن رایگەیاند، بە تۆمارکردنی ناوی لەدایکبووانی 2004 و 2005 پێشبینی دەکەن ژمارەی دەنگدەران لە کەرکووک زیاتربێت لە یەک ملیۆن و 500 هەزار دەنگدەر.
عەبدولباسیت دەروێش، گوتەبێژی نووسینگەی کەرکووکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، "دەستمان بەنوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران کرد. ژمارەی بنکەکانمان 43 بنکەیە، خەڵکی بەدرێژایی رۆژەکانی هەفتە دەتوانن سەردانیان بکەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەکانیان. تائێستا نزیکەی یەک ملیۆن و نیو دەنگدەر هەن بۆ ئەم هەڵبژاردنە و لەدایکبووانی 2004 و2005 مافی بەشداریکردنیان هەیە."
بەگوتەی بەرپرسانی کۆمیسیۆن، لە کەرکووک 96٪ی دەنگدەران بایۆمەتریان کردووە و "پەرۆشی زۆریان" بۆ پرۆسەکە هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ