لە حەویجە دوو منداڵ لە ئاوی دیجلە خنکان
رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای حەویجە لە پارێزگای کەرکووک سێ منداڵ کەوتنە نێو رووباری دیجلەوە، یەکێکیان بەزیندوویی رزگارکرا و یەکێکی دیکەیان گیانی لەدەستدا و تەرمەکەی دەرهێندراوە، منداڵێکیشیان بێسەروشوێنە.
رووداوەکە لە گوندی تەلزەهەبی ناحیەی عەباسی باشووری قەزای حەویجە بووە. عەقید ئیبراهیم عەتیە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی حەویجە بە رووداوی گوت، منداڵەکان کچن. ئەو منداڵەی خنکاوە و تەرمەکەی دۆزراوەتەوە تەمەنی 10 ساڵە.
ئەو کچەی دیکەیان کە تاوەکو تائێستا تەرمەکەی نەدۆزراوەتەوە تەمەنی 11 ساڵە. عەقید ئیبراهیم عەتیە دەڵێت، منداڵەکان بۆ یاریکردن و مەلەوانی چوونەتە نزیک ئاوی دیجلە کە بەنێو گوندەکەیاندا دەڕوات.
لەبارەی چۆنیەتی روودانی رووداوەکەوە، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی حەویجە دەڵێت، لەنێو ئاوەکەدا لەناکاو یەکێکیان هەراسان بووە و ئەوانی دیکە بەهانایەوە چوون، بەڵام یەکێک لە منداڵەکان بەسەلامەتی دەرهێندرایەوە.
بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی حەویجە گوتی، تاوەکو ئێستا تیمەکانی پۆلیس و بەرگریی شارستانی و خەڵکی ناوچەکە بەدوای تەرمی خنکاوی دووەمدا دەگەڕێن.