رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دهۆک دەڵێت بازرگانێکی "گەورەی" مادەی هۆشبەریان دەستبەسەر کردووە و سێ کەسی دیکەش کە بە تۆمەتی هاوشێوە داواکراون هەڵهاتوون.
رۆژی یەکشەممە، 9ـی تەممووزی 2023، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی دهۆک لە راگەیێندراوێکدا گوتی، "لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی نێوان ئاسایشی زاخۆ و بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر لە دهۆک توانرا بازرگانێکی گەورەی مادەی هۆشبەر دەستبەسەر بکرێت."
هەر بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، فەرمانی دەستبەسەرکردن بۆ سێ تۆمەتباری دیکەش دەرچووە، "بەڵام لەکاتی جێبەجێ کردنی فەرمانەکە لەدەست یاسا هەڵهاتوون و بە هەوڵی هێزە ئەمنییەکان و ئاسایشی زاخۆ بە زووترین کات دەستبەسەر دەکرێن."
لای خۆیەوە، عەقید هێمن سلێمان، گوتەبێژی پۆلیسی دهۆک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو کەسەی دەستیگر کراوە، بەرپرسی هەرسێ هەڵهاتووەکەی دیکە بووە."
هونەر رەشید، پەیامنێری رووداو لە شوێنی رووداوەکە لە سەنتەری شاری دهۆک گوتی، کچێک و پیاوێک بە چەکەوە لە گەڕەکی سێگرکان رووبەڕووی پۆلیس بوونەتەوە.
شایەتحاڵێک بە رووداوی گوت، "پیاوێک بە چەکەوە هات و گوتی هەر کەسێک لێم نزیکبێتەوە تەقەی لێدەکەم. کچێکیش دەمانچەیەک و نارنجۆکێکی بەدەستەوە بوو و گوتی هەر کەسێک لێم نزیک بێتەوە نارنجۆکەکە دەتەقێنمەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ