ناوەندی ئاماری ئێران: رێژەی بێکاریی کرماشان بەراورد بە بەهاری پار زیاتر لە 5% دابەزیوە

10-07-2023
فواد حەقیقی
پیاوێک لەنێو تەنەکەیەکی خۆڵدا بەدوای پاشماوەدا دەگەڕێت
پیاوێک لەنێو تەنەکەیەکی خۆڵدا بەدوای پاشماوەدا دەگەڕێت
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

لە راپۆرتی نوێی ناوەندی ئاماری ئێراندا پارێزگای کرماشان ریکۆردی زیاترین ژمارەی بێکاریی تۆمار نەکردووەتەوە؛ رێژەی بێکاریی کرماشان بەراورد بە بەهاری پار زیاتر لە 5%یش دابەزیوە، کە بەهاری ساڵی پار رێژەی بێکاری لە کرماشان 15.4% بوو.
 
لە ساڵانی رابردوودا ئەو پارێزگایە یان یەکەم یان یەکێک لە پارێزگا یەکەمەکان بۆ زیاترین رێژەی بێکاری بووە، بەڵام ئەمساڵ دۆخی لە شەش پارێزگای دیکە لە ئێران باشترە، ئەمەش لە 10 ساڵی رابردوودا وێنەی نەبووە.
 
محەممەد تەیب سەحرایی، پارێزگاری کرماشان رایگەیاند، "نامەوێت خۆم و هاوکارەکانم دڵمان بەمە خۆش بکەین؛ مەودایەکی زۆرمان ماوە تاوەکو بگەینە ئاستی گونجاو، دووپاتی دەکەمەوە، مەودامان زۆرە. سوپاس بۆ خودا نیشانەی باش هەن."
 
ناوەندی ئاماری ئێران رێژەی بێکاریی وەرزی بەهاری لە سەرانسەری ئێران و ئاستی پارێزگاکانیش بڵاوکردووەتەوە.
 
بەپێی راپۆرتەکە، بەهاری ئەمساڵ 8.2%ی خەڵکی ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان بێکار بوون، ئەوەش بەراورد بە پار 1% کەمتر بووە. ئەمە لە چەند دەیەی رابردوودا کەموێنە بووە.
 
هۆکارێکی دابەزینی رێژەی بێکاری ئەوە بووە کە چالاکیی ئابووریی خەڵکیش زۆر کەم بووەتەوە. چالاکیی ئابووری واتە ئەو کەسانەی کە کاریان هەیە و ئەو کەسانەش کە بێکارن، بەڵام لە هەوڵدان کاریان دەستبکەوێت. بە واتایەکی دیکە، خەڵکێکی زۆر زیاتر لە گەڕان بۆ کار بێهیوا بوون.
 
هەروەها هەلی کار لە بەشی خزمەتگوزاری و دامەزراوە ئابوورییە بچووکەکاندا زیادیکردووە.
 
بەپێی ئەو راپۆرتە، رێژەی بێکاریی پارێزگای ورمێ 6.7%، ئیلام 6.8%، سنە 10.4% و لوڕستان 12.4% بووە، کە تەنیا پارێزگای سنە نەبێت 0.2% رێژەی بێکاریی زیاتر بووە، لە هەموو پارێزگاکانی دیکەدا کەم بووەتەوە.
 
بە گوتەی ناوەندی ئامار، بەهاری ئەمساڵ 728 هەزار هەلی کار رەخسێندراون، کە بۆ تەنیا سێ مانگ ئامارێکی جێی سەرنجە. هەڵبەت هاوکات 750 هەزار کەسی نوێ هاتوونەتەوە بازاڕی کارەوە.
 
سەولەت مورتەزەوی، وەزیری کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتی دەڵێت، "ئامانجەکە ئەوەیە بۆ ئەمساڵ، واتە ساڵی 1402، یەک ملیۆن هەلی کار بڕەخسێندرێن؛ بودجە تەرخان کراوە و ئاسانکارییش کراوە، تاوەکو ئێستاش هەوڵی باش دراوە."
 
بەڵام هەندێک لە پەرلەمانتاران حکومەت تۆمەتبار دەکەن بەوەی ئامارسازی دەکات بۆئەوەی دۆخی ئابووری باش نیشان بدات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

باڵەخانەی پەرلەمانی کوردستان. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

پارتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترینیان لە سلێمانییە

پارتی دیموکراتی کوردستان لە دوایین رۆژی دیاریکراو بۆ پێشکێشکردنی لیستی ناوی بەربژێران، لیستەکەی رادەستی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەکات. 190 بەربژێری دەبێت و زۆرترین بەربژێری لە پارێزگای سلێمانییە.