کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتی "بەبێ ماڵئاوایی" کۆتاییهات
رووداو دیجیتاڵ
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پیرمام دوای زیاتر لە چوار کاژێر کۆتاییهات و لەکاتی هاتنەدەرەوە لە کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی چەند چرکەیەک بۆ میدیاکان قسەی کرد و بە تووڕەییەوە پیرمامی جێهێشت؛ فازڵ میرانی هۆکاری تووڕەیی سەرۆکی یەکێتی بۆ لێدوانی ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی گەڕاندەوە و گوتی، دڵنیاتان دەکەمەوە دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.
رۆژی یەکشەممە 9ـی تەممووزی 2023، کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە پیرمام بەڕێوەچوو و دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ ئەوەی ئاماژە بە هیچ کەس و لایەنێک بدات، بە تووڕەییەوە رایگەیاند: "یەکێتی بە بێدەنگی نامێنێتەوە و لە ئەمڕۆ بەدواوە هەر شتێک رووبدات، وەکو خۆی وەڵامدەدرێتەوە. یەکێتی مێژووە، خوێنی شەهیدە، قوربانییە." بە دەنگێکی بەرزیشەوە گوتی: "یەکێتی هێزە."
کاتێک رۆژنامەنووسان پرسیاریان کرد، ئاخۆ لەگەڵ پارتی لەیەک نزیکن، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە مایکی رووداوی بەدەستەوەبوو، بەرزیکردەوە و بە تووڕەییەوە پرسی: "لەوە دەچێت نزیکبین؟" و شوێنی کۆبوونەوەکەی بەبێ ماڵئاوایی بەجێهێشت.
دوای ئەوە، بافڵ تاڵەبانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر قسەی بۆ رۆژنامەڤانان کردەوە و هۆکاری ماڵئاوایینەکردن و جێهێشتنی شاندی مەکتەبی سیاسیی پارتی لە پیرمام بۆ پاڵەپەستۆی رۆژنامەنووسان گەڕاندەوە و رایگەیاند، "داوای لێبووردن لە شاندەکەی پارتی دەکەم کە بەبێ ماڵئاوایی جێمهێشتن، لەبەرئەوەی رۆژنامەنووسان پانیان کردمەوە."
دواتر فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی ئەرێنی بوو، تێڕوانینی هاوبەشمان زۆربوو و جیاوازیشمان هەبوو."
فازڵ میرانی هۆکاری تووڕەبوونی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانی بۆ لێدوانی یەکێک لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبەکەی گەڕاندەوە و گوتی: "هاوڕێیەکی ئێمە لێدوانێکی دابوو و هاوڕێیانی یەکێتی پێی ناڕەحەت بوون، بەڵام ئەو لێدوانە سیاسەتی فەرمی حیزب نەبوو. ئێمە نەمانگوتووە یەکێتی هێز نییە، لە هەڵبژاردنەکانی 2003 برادەرانی یەکێتی 13 بۆ 14 کورسییان بەدەستهێنابوو، بەڵام ئێمە سەرۆکوەزیرانمان پێدان."
لە کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی هەردوو مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی لە پیرمام، سالار عوسمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی میوانی بوولتەنی کاژێر 12:00ی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، رایگەیاند، "یەکێتی حەجم و قەوارەی وەکو جاران نەماوە و دەبێت پێداچوونە بە حەجم و قەوارەی بکات."
دواتر سالار عوسمان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و گوتی، "گوتەکانم لە بوولتەنی کاژێر 12:00ـی رووداو بۆچوونی کەسین و رای پارتی نین."
سالار عوسمان لە روونکردنەوەیەکدا دەڵێت: "وێڕای باسکردنی زەروورەتی هاوپەیمانی و بەیەکەوەکارکردن لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، باسی ئەوەم کرد کە یەکێتیی نیشتمانی، دوای ئەو رووداوانەی بەسەریهاتووە قەبارەی وەک جاران نەماوە و دەبێ واقیعبینانە بەرخورد لەگەڵ ئێستای خۆی و بەرامبەرەکانی بکات، ئەم را و بۆچوونە، را و بۆچوونی کەسیی خۆمە و گوزارشت لە رای فەرمیی پارتیمان ناکات."