مێزی یادەوەریی مامۆستا تەڵعەت گەڵاڵی لە هەولێر نمایشکرا

 
رووداو دیجیتاڵ

لە مۆزەخانەی پەروەردەی هەولێر بەبۆنەی تێپەڕینی 40 رۆژ بەسەر کۆچی دوایی مامۆستا تەڵعەت گەڵاڵی، مێزی دۆکیومێنت و یادەوەریی ئەو مامۆستایە دانرا، کە کۆمەڵێک ئەرشیڤ و کەلوپەلی تێدا نمایشکراوە.
 
هۆگر تەڵعەت، کوڕی مامۆستا تەڵعەت بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، ئەو مێزی یادەوەرییە وایکرد، "چەندین هاوڕێ و هاوخەباتی باوکم بەیەکەوە کۆببنەوە و لە نزیکەوە دووبارە ئاشنایان ببینەوە. دەستخۆشی لە پەروەردەی هەولێر و مۆزەخانەی پەروەردە دەکەین، وایان کرد کەسایەتیی باوکم بە زیندوویی بمێنێتەوە و ئەمە دڵنەواییەکیش بوو بۆ ئێمە".
 
تەڵعەت شێخ محەممەد گەڵالی، هونەرمەند و کەسایەتیی دیاری نێو بواری پەروەردە کە لەکاتی شۆڕشی ئەیلوولدا لە گوندەکان هەم پێشمەرگە بووە هەم مامۆستا، یەکێکە لە ئەندامانی دامەزرێنەری کۆمەڵەی مامۆستایانی شۆڕشی ئەیلوول.
 
تەڵعەت گەڵاڵی لە ساڵانی حەفتاکانی سەدەی رابردووەوە لە بواری هونەریشدا چالاک بووە و لە چەندین شانۆگەریدا لە شار و شاخ رۆڵی گێڕاوە، لەوانە شانۆگەریی خەملی بەمۆ، خاڵۆ رێبوار، گوێزان. ئەوە جگە لەوەی یەکەم سکرتێری کۆمەڵەی وێژەیی کورد بووە لە ساڵی 1972.
 
ئومێد بەرزنجی، بەڕێوەبەری مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەی هەولێر سەبارەت پڕۆژەی مێزی یادەوەری لە مۆزەخانەکە دەڵێت " کاتێک پڕۆژەی مێزێکی یادەوەری کەسایەتییەک دێتە بەردەممان، بیر لەوە دەکەینەوە لە کام هۆڵ و نهۆم نمایشی بکەین کە لەگەڵ ئەو کەسایەتییە بگونجێت. مێزی یادەوەریی تەڵعەت گەڵاڵیش کە لە ژووری شەهیدانی مۆزەخانە دانرا، لەبەرئەوەیە، هەرچەندە خۆی شەهید نییە، بەڵام کۆمەڵێک کەسایەتیی نزیک لە یادەوەری و تەمەنی ئەو، لەو ژوورەدا هەن".
 
سەبارەت بە رۆڵی مامۆستا تەڵعەت گەڵاڵی، ئومێد بەرزنجی باسی لەوە کرد، "ئەو کەسایەتییە گرنگە، چونکە لەگەڵ چەند مامۆستایەکی دیکە لە ساڵی 2000 کۆمەڵەی مامۆستایانی شۆڕشی ئەیلوولی دامەزراند و دەیان وێنە و دۆکیومێنت هەن کە دەیسەلێمنن ئەو کۆمەڵە مامۆستایە نەیانهێشت لە سەردەمی شۆڕشدا خوێندن لە گوند و ناوچە شاخاوییەکاندا بووەستێت، ئەوان لە هەمان کاتدا مامۆستا و پێشمەرگەش بوون".
 
مامۆستا تەڵعەت گەڵاڵی ماوەی 30 ساڵ وەکو فەرمانبەر لە پارێزگای هەولێر کاری کردووە، دواتر گواستراوەتەوە پەروەردەی گشتی.
 
مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەی هەولێر
 
قوتابخانەی ئەربیل ئولا لە ساڵی 1920 لە قەڵای هەولێر دروستکرا و تاوەکو ساڵی 2004 خوێندن تێیدا بەردەوام بوو، لە ساڵی 2014 قوتابخانەکە کرا بە یەكەم مۆزەخانەی پەروەردەیی لە هەرێمی كوردستان.
 
مۆزەخانە و ئەرشیڤی پەروەردەی هەولێر لە دوو نهۆم پێکدێت کە 13 هۆڵ لەخۆدەگرێت و لە سەرجەم هۆڵەکانیشدا نزیکەی 200 مێزی دۆکیومێنتی هەن، لەنێویاندا هەزاران وێنە و کەلوپەلی یادەوەری مامۆستایانی دێرێنی شارەکە نمایشکراون، دوایینیان مێزی مامۆستا تەڵعەت گەڵاڵییە.
 
تەڵعەت شێخ محەممەد گەڵاڵی لە ساڵی 1944 لە گوندی سۆربەشی سەر بە ناحیەی قوشتەپە لە پارێزگای هەولێر لەدایکبووە، لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی رابردووەوە پەیوەندی بە رێکخستنەکانی یەکێتیی مامۆستایان و شۆڕشی ئەیلوول کردووە. شەش منداڵی هەیە بەناوەکانی دلێر، ساكار، هەڤاڵ، هۆگر، ئارەزوو و ئاشنا. 
 
مامۆستا تەڵعەت گەڵاڵی لە 30-5-2023 لە هەولێر کۆچی دوایی کرد.