وردەکاری گیانلەدەستدانی ئەفسەرێکی هەواڵگری و هاوژین و کوڕەکەی لە رێگەی هەولێر - مەخموور
رووداو دیجیتاڵ
لە رووداوێکی هاتووچۆدا لە رێگەی نێوان هەولێر-مەخموور، ئەفسەری هەواڵگریی بنکەی پۆلیسی دۆمیزی شاری کەرکووک و هاوژینەکەی و کوڕێکی گیانلەدەستدەدەن و سێ منداڵیشیان بریندار دەبن. کەسێکی نزیکی ئەفسەرەکە کە پلەی عەقیدی هەبووە دەڵێت، ئەفسەرەکە "چوو بۆ ئەوەی دایکی لە فڕۆکەخانەی هەولێرەوە بهێنێتەوە کە لە حەجەوە گەڕابووەوە، بەڵام لە رێگە لە تاسەیەکی داوە و رووداوەکە روویدا".
رۆژی یەکشەممە 9-7-2023، ئەحمەد خدر، خزمی عەقید عەلا عەبدوڵڵا سەبعاوی کە دوێنێ شەو (8-7-2023) لەگەڵ دوو لە ئەندامانی خێزانەکەی گیانی لەدەستدا، لەبارەی رووداوەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "دایکی عەقید عەلا لە رێگەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە لە حەج دەهاتەوە، ئیدی عەقید عەلا لەگەڵ هاوژینەکەی بەناوی سوهام و پێنج منداڵەکەی چوون بۆ ئەوەی دایکی بهێنێتەوە، بەڵام لە رێگەی نێوان مەخموور-هەولێر تووشی رووداوی هاتووچۆ بوو و بەهۆی رووداوەکەوە سێ کەسیان گیانیان لەدەستدا و سێ منداڵیشی بریندار بوون."
سەبارەت بەو کەسانەی لەو رووداوە گیانیان لەدەستدا، ئەحمەد خدر گوتی، "عەقید عەلا عەبدوڵڵا، سوهام کە هاوژینی بوو، لەگەڵ عەبدوڵڵای کوڕیان گیانیان لەدەستدا؛ دوو کچ و کوڕێکی دیکەشیان لە نەخۆشخانەن و برینداربوون."
سەبارەت بە هۆکاری رووداوەکە، ئەحمەد خدر گوتی، "بەپێی ئەوەی بە ئێمە گەیشتووە، عەلا ئۆتۆمبێلەکەی لە تاسەیەکی گەورە داوە و لە دەستی دەرچووە".
عەقیدەکە لە هۆزی سەبعاوی و لە بنەڕەتدا خەڵکی قەزای مەخموور بوو، بەڵام ماوەی چەند ساڵێک بوو ماڵی بردبووە کەرکووک و لەوێ نیشتەجێ ببوو؛ ئەو بەرپرسی هەواڵگریی بنکەی دۆمیزی شاری کەرکووک بووە.
بەڵام فازڵ حاجی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر لەبارەی رووداوەکەوە رایگەیاند، "رووداوەکە کاژێر 8ـی ئێوارە و لە نزیک زورگەزراوە لەسەر رێگەی هەولێر - مەخموور روویداوە، بەهۆی تیژڕۆیی شۆفیرەکەوە ئۆتۆمبێلەکە لە رێگە دەرچووە و بەرەو هەڵدێر رۆیشتووە".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کەرکووک پرسەی خۆی گەیاندە بنەماڵەی ئەو عەقیدە کە ئەمڕۆ یەم رۆژی پرسەکەیەتی لە گوندی عەین مەرمییە لە قەزای مەخمووری سەر بە پارێزگای نەینەوا.