شوێنی پرسەی شێخ محەممەد کەسنەزانی نزیکەی 14 دۆنمە

 
ئەو شوێنەی بۆ مەراسیمی پرسەی شێخ محەممەد کەسنەزانی ئامادەکراوە، بە گوتەی ئامۆزاکەی 12 بۆ 14 دۆنمە و بە گرتنەبەری رێوشوێنە تەندروستییەکان مەراسیمەکە بەڕێوەدەچێت. دەشڵێت، ئەوان بە فەرمی پرسەیان رانەگەیاندووە و "فەرموویان" لە کەس نەکردووە، بەڵام کەسیش ناگێڕنەوە.
 
شێخ سامان بەرزنجی، ئامۆزای شێخ محەممەدی کەسنەزانی لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەرپرسیاری تۆڕی میدیایی رووداو گوتی، رێکاری خۆپارێزی وەکو پۆشینی ماسک، نزیکنەبوونەوە لە یەکدی و پاکژکردنەوەیە، بۆ ئەو مەبەستەش "زەوییەکی 12 بۆ 14 دۆنمی ئامادەکراوە".
 
شێخ سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو زەویەی تێیدا دادەنیشن 30 خولەک بۆ 45 خولەک جارێک تەعقیم دەکرێت و دەڵێت "ئێمە هەر ئەوەندەمان پێدەکرێت و ئەوی دیکەشی لەسەر خودایە".
 
ئەوانەی بەشداریی پرسەی شێخ محەممەد کەسنەزانی دەکەن، بە گوتەی سامان بەرزنجی، دەبێت پابەندی رێکارەکانی خۆپارێزیبن، بەو کەسانەشەوە کە زیکر دەکەن، هەرکەسێکیش ماسکی پێنەبێت ئەوا خۆیان ماسکی پێدەدەن.