ئاسۆ مامەند: بەربژێری پارێزگاری کەرکووک هی لیستی برایەتییە نەک یەکێتی

 

رووداو - کەرکووک

ئاسۆ مامەند، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، ئەو بەربژێرەی بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک دیاریکراوە بەربژێری لیستی برایەتییە نەک تەنها یەکێتی. داواش لە لە ئەندامانی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگا دەکات بگەڕێنەوە شارەکە.

ئاسۆ مامەند بە رووداوی راگەیاند، لیژنەیەکی هاوبەش بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووک پێکدێت، دەشبێت لە زووترین کات و لە ماوەیەکی دیاریکراودا ئەو هەنگاوانە بنرێن، چونکە ساڵی داهاتوو سەرژمێری لە کەرکووک دەکرێت و گرنگە پارتی و یەکێتی یەکڕیزبن.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی ئاماژە بەوە دەکات، دیاریکردنی بەربژێرەکانی حیزبەکەی بۆ کابینەی نوێ لەماوەی 48 کاژێردا سەلماندی یەکێتی کێشەی ناوخۆیی نییە و دەتوانێ بە کۆدەنگی بڕیاربدات.

دەقی هەڤپەیڤینەکە:

رووداو: ئێوە ناوی بەربژێرەکانتان راگەیاند و بڕیارە سبەی لە پەرلەمانی کوردستان متمانە بە کابینەی نوێی حکومەت بدرێت، دوایین قسەی ئێوە لەسەر ئەو پرۆسەیە چییە؟

ئاسۆ مامەند: بەداخەوە کابینەکە ماوەیەکی دوورودرێژ دواکەوت، بەڵام ئەنجامەکە گرنگ بوو، کە ئێمە هەموو لایەکمان (بەتایبەتی یەکێتی و پارتی) گەیشتنە ئەو رێککەوتنەی کە ئێمە وەکو یەکێتی بەشدارییەکی راستەقینەمان دەبێت لە کابینەی نوێ. بەدڵنیاییەوە بەیانیش کە سوێندی یاسایی دەخۆن، ئێمە لەلایەن خۆمانەوە هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین و هیوادارین بتوانن زیاتر هەنگاوەکان بەرەو ئەوە بنێن کە خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بێت، هاوکات هاوکار و پشتیوانێکی بەهێز بن بۆ کەرکووک و ناوچە جێناکۆکەکان. بەدڵنیاییەوە ئێمە پێمانوایە دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت و رێکنەکەوتنەکان، دڵەڕاوکێیەکی لای خەڵک دروستکردبوو، بەڵام لە ئەنجامدا ئەوەبوو هەموو لایەنەکان ئەوانەی بەشدارن لە حکومەت کاندیدەکانی خۆیان یەکلاکردەوە، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.

لەلای ئێمەشەوە خۆتان دەزانن لێرە و لەوێ زۆر قسەی ئەوە دەکرا کە یەکێتی پۆستەکانی، کاندیدەکانی، تەنانەت باسی ئەوە دەکرا کە یەکێتی کێشەی ناوخۆی خۆی هەیە، دەریشکەوت چۆن بوو. لێرەوە سوپاسی بەڕێزان جەنابی کاک کۆسرەت، کاک بەرهەم، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و کۆمیتەی سەرکردایەتی دەکەین، کە بڕیاری ئەوەماندا دەبێت لە ماوەی 48 کاژێردا ناوی کاندیدەکانی خۆمان رادەستی بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی داهاتووی راسپێردراو بکەین، ئەمەش هەنگاوێکی گرنگ و دڵخۆشکەربوو بۆ هەموومان کە توانیمان لە ماوەی 48 کاژێردا ناوی کاندیدەکان پێشکەشبکەین، وەڵامێکیش بۆ ئەوانەی کە دەیانگوت یەکێتی لەناوخۆی خۆیدا رێکناکەوێت و ناتوانێت پۆستەکان یەکلابکاتەوە، بەڵام لەسەر هەموو پۆستەکان سەرۆکایەتی پەرلەمان، جێگری سەرۆکی هەرێم و شەش وەزارەت و سێ دەستەکە. سوپاسی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و هەڤاڵانمان لە مەکتەبی سیاسی و جێگرانی سکرتێری گشتی دەکەم کە بەو رووحیەتە بوو. رەنگبێت کۆمەڵێک خەڵکی بە تواناش خۆی کاندید کردبێت و سی ڤی باش هەبوو، بەڵام لە ئەنجامدا هەر ئەو ژمارەیەیە کە بۆمان دیاریکراوە.

رووداو: یەکێک لە بەربژێرەکان کە لە پشکی کەرکووک بوو بۆ پۆستی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار، کشایەوە. هۆکاری کشانەوەکەی چی بوو و کێ لە شوێنەکەی دانراوە؟

ئاسۆ مامەند: بەڵێ، رەنگبێت لەسەر دەستەکان، کە ئەمەیان لەسەر پشکی هەولێرە نەک کەرکووک، بەڵام خۆ ناوەکان ئەوەی لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی رۆیشتووە وەکو خۆی دەڕوات، بۆیە ئاساییە ئەگەر هەڤاڵێک پێیباشە ئەو کارە نەکات، ئەو بەدڵنیاییەوە هەڤاڵی دیکە لە شوێنەکەی دادەنرێت. بەڵام ئەنجامەکە ئەو پشکانەی بەر یەکێتی  کەوتبوون، ناوی سەرجەم کاندیدەکانی رەوانەکراوە. بۆیە ئاساییە لە دەستەیەک یان شوێنێک ئەگەر کەسێک بە ئارەزووی خۆی داوای کشانەوە بکات.

رووداو: لەسەر پرسی کەرکووک لەگەڵ پارتی گەیشتوونەتە رێککەوتن، کەی ئەو رێککەوتنە رادەگەیێندرێت؟ بەنیازن لەگەڵ پێکهاتەکانیش کۆببنەوە، ئایا پارێزگار کێ دەبێت کە قسە لەسەر کۆمەڵێک ناو دەکرێت؟.

ئاسۆ مامەند: بەدڵنیاییەوە لەسەر پۆستی پارێزگاری کەرکووک رێککەوتووین، ئێمە بەلامانەوە گرنگە ئەو کاندیدەی دیاریکراوە یان دیاریدەکرێت نوێنەری لیستی برایەتی دەبێت، نوێنەری کورد دەبێت. کەرکووک لە هەموومان گەورەترە، کەرکووک لەلایەن حیزبایەتییەکە زۆر گرنگترە. سوپاسی لیژنەی هاوبەشی دانوستاندکاری هەم یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هەم پارتیی دیموکراتی کوردستان دەکەم، دەرئەنجام گەیشتنە رێککەوتن لەسەر کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکووک.
بەدڵنیاییەوە ئەو کەسە خەڵکی کەرکووکە، بەڵام ئەرکی ئەو لیژنە هاوبەشەیە ناوی ئەو کەسە یەکلابکەنەوە. ئێمە وەکو یەکێتی بە کاندیدی لیستی برایەتی دەزانین، ئەمە بەتەنها نە هی یەکێتییە نە هی پارتییە.

بەدڵنیاییەوە لیژنەیەکی هاوبەش پێکدێت بۆ کۆبوونەوە لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە، پێویست بەوە دەکات لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەی کەرکووکیش دانوستاندن بکرێت، لیژنەیەکی هاوبەش پێکدێت رەنگە نوێنەری ئەنجوومەنی پارێزگاشی تێدابێت بۆ ئەوەی بتوانین لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکەش دانوستاندن بکەین. دەبێت لە زووترین کات، لە ماوەیەکی دیاریکراو بتوانین ئەو هەنگاوانە بنێین. هیوادارین هەڤاڵان لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لەسەر لیستی پارتیی دیموکراتی کوردستان و هەم پارتی بە زووترین کات بگەڕێنەوە بارەگاکانی خۆیان. 

ئێمە لە قۆناخێکین بەتایبەتی بۆ ساڵی ئایندە گرنگە کە سەرژمێری هەیە، بۆ ئەمەش پێویستیمان بە یەکدەنگی و یەکڕیزی نەک هەر یەکێتی و پارتی، بەڵکو هەموو لایەنەکان هەیە. هەموومان شانبدەینە ئەو بەرپرسیاریێتیە و دووربکەوینەوە لە شتی لابەلا، گرنگە هەموو لایەنەکان بە پلەی یەکەمیش یەکێتی و پارتی بتوانن بە زووترین کات ئەو هەنگاوانە بنێن هەم بۆ ئەنجوومەنی پارێزگا، هەم بۆ سەرژمێری ئەوەی لە ساڵی 2020 دەکرێت.