رەفتاری پیاوەكەی دەیكاتە هاوڕەگەزخواز

رووداو – هەولێر

شارا ناوی خوازراوی ژنێكی تەمەن 23 ساڵانە، ئەو دوای تەواوكردنی قۆناغی سێی ناوەندی لەگەڵ ناسیاوێكیان دەبنە هاوژین، بەڵام فیلمێكی پۆرن هەموو ژیانی شارا دەگۆڕێ و دواجار دەیكات بە هاوڕەگەزخواز.

شارا چیرۆكی هاوڕەگەخوازبوونی خۆی دەگێڕێتەوە و دەڵێت "تەمەنم 16 ساڵ بوو، بەهۆی ئەوەی لە قوتابخانە سەركەوتوو نەبووم، دایكم نەیهێشت بەردەوام بم لە خوێندن، منی دا بە ناسیاوێكی خۆمان كە لە پێشانگای ئۆتۆمبیل كاری دەكرد، هەشت ساڵ لە من گەورەتر بوو، دایكم گوتی دەتوانێ بتكات بە ژنێكی باش".

شارا و ناسیاوەكەیان هاوسەرگیرییان كرد، وەك شارا دەڵێت سەرەتا هیچ كێشەیەكیان نەبوو، بەڵام دوای چەند مانگێك داوای لێكردووە شەوانە بەیەكەوە تەماشای فیلمی پۆرن بكەن، شارا دەڵێت: "مێردەكەم گوتی ئەگەر وا نەكەم، دەچێت لە دەرەوە رادەبوێرێ‌. ئەوە بووە سەرەتای رقلێبوونەوەم لە پیاو و رەگەزی نێر".

دوای ماوەیەك شارا دووگیان دەبێت، بەڵام دووگیانبوونی ئەو نەبووە رێگر لەو خووەی مێردەكەی. شارا دەڵێت "لە فیلمەكان چی دەبینی، هەمان شتی لەگەڵ من دەكرد. دواتر كوڕێكم بوو، بەڵام نەمهێشت شیری خۆم بخوات، ئەوەندە بێزم لە پیاو دەكردەوە تەنانەت گەیشتمە ئەو بڕوایەی كە نابێت رەگەزی نێر، تەنانەت ئەگەر كوڕی خۆشت بێت سنگت ببینێ".

مامەڵەی خراپی مێردەكەی، وای لە شارا كرد، هیچ هەستێكی بەرامبەر پیاو نەمێنێ "هەستم بەرامبەر پیاو بەهیچ شێوەیەك نەما، دوای دوو ساڵ لە هاوسەرگیریمان ئیدی لەتاقەتمدا نەما و هەموو رۆژێك خۆم نەخۆش دەخست، بەبیانووی ئەوەی بە منداڵی خەتەنەكراوم، هەمیشە دەمگوت هیچ ئارەزووی سێكسم نییە، بەڵام ئەو بەزۆر كاری خۆی لەگەڵ دەكردم".

ساردییەكی زۆر دەكەوێتە نێوان ئەو ژن و مێردە، تاوەكوو پیاوەكە هەڕەشەی ژنهێنان دەكات، شارا بەو مەرجە رازی دەبێت كە خانوو و ئۆتۆمبێلی بۆ بكڕێ‌، ئەویش رازی دەبێ‌. شارا دەڵێت "هەوێیەكەم كچێكی 21 ساڵانە، بەڵام بەدڵی ئەوە، چونكە هیچ كێشەیەكی لەگەڵی نەبوو، تەنیا پارەی پێبێت و لەگەڵ مۆدێل بڕوات".

ژیانێكی نوێ

شارا باس لە ناسینی ژنێكی جیابووەوە لە هاوژینەكەی دەكات كە سەرەتا هاوڕێ بوون، بەڵام دواتر پەیوەندییەكەیان گۆڕاوە "ماوەی سێ ساڵە لەگەڵ ژنێك لە فەیسبووك یەكدی دەناسین، ئەو لە هاوژینەكەی جیابووەتەوە، شەوانە وەك دوو هاوڕێ قسەمان دەكرد، بەڵام شەوێك پێیگوتم عاشقی دەنگت بووم، دواتر گوتی تۆش وەك من نەفرەت لە پیاو دەكەی، بۆیە پێویستە لایەنی سێكسی یەكدی تێر بكەین، بەو قسەیە تووشی شۆك بووم و مۆبایلەكەم بەسەردا داخستەوە، بەڵام دواتر بڕیارم دا رازی بم بە پێشنیارەكەی".

شارا دەڵێت "ئێستا زۆرترین كات پێكەوەین، شەوانە پێكەوە دەخەوین، جلوبەرگمان وەكو یەكە، لەنێوان خۆماندا وامان داناوە كە من بوومەتە ژنی ئەو، ئەو دەڵێ پیاوی تۆم، خەڵكی دەڵێت وەكو خوشك وان، یەك جۆر جلوبەرگ و رەنگی قژتان وەكو یەكە، بەڵام ئەو تا مردن پیاوی منە و هەرگیز بەجێیناهێڵم".

شارا هیچ كێشەیەكی تەندروستیی نەبووە و هاوڕەگەزخوازیش نەبووە، خۆی دەڵێت "من هەستی هاوڕەگەزخوازیم نەبوو، لەڕووی تەندروستیشەوە هیچ كێشەیەكم نەبوو، بەڵام هاوژینەكەم وایكرد نەفرەت لە پیاو بكەم".

شەم نازناوی ئەو ژنە تەمەن 33 ساڵەیە كە نیشتەجێی هەولێرە، ئەو بەهۆی ناپاكیی هاوژینەكەی، لێی جیابووەتەوە، باسی خۆشویستنی شارا دەكات و دەڵێت "من لە منداڵییەوە حەزی لێسبییەنم تێدا بووە، لە قۆناغی سێی ناوەندی تەواو هەستم بە حەزی هاوڕەگەزخوازی لە خۆمدا كرد، كاتێك لەگەڵ كچەكانی هاوڕێم ماچ و باوەشمان دەكرد، بەڵام نەمدەوێرا هیچكات ئەو هەستەم دەربڕم".

سەرەڕای ئەو ئارەزووەشی، بەڵام هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕێك دەكات و دەڵێت "بە خۆشەویستی هاوسەرگیریم لەگەڵ پیاوێك كرد، بەڵام لەكاتی جووتبوون هەستم دەكرد ئەو هەڵسوكەوتانەی هاوژینەكەم جیاواز بوو لە هەڵسوكەوتكردن لەگەڵ ئافرەتێك، هەموو هەڵسوكەوتەكانی وەك ئەوە وابوو من پیاو بم لەژێر دەستی، بۆیە رۆژێك پێمگوت من هیچ چێژێك لە تۆ وەرناگرم، دواتر كێشەكەمان گەیشتە دادگا و جیابووینەوە".

شەم ئێستا خۆی بە مێردی شارا دادەنێت و دەڵێت "خۆم جلی ژێرەوەی بۆ دەكڕم، من مووچەم هەیە، بۆیە خاوەندارێتی دەكەم، مانگانە وەك پیاو پارەی بۆ دادەنێم و خەرجیشی دەكێشم".

"لە هەر 10 كەس، یەكێك لەم كۆمەڵەیەیە"

تانیا كەمال، بەرپرسی رێكخراوی راسان بۆ داكۆكیكردن لە كۆمەڵەی LGBT كە هێمایە بۆ (لێسبییەن، گەی، جووت توخم و نێرەمووك)، بە (رووداو)ی گوت "بەپێی ئامارێك، لە جیهاندا لە هەر 10 كەس كەسێك لەم كۆمەڵەیەیە، ئەمانە مرۆڤی ئاسایین و كەسوكاری ئێمەن، بۆیە پێویستە رێزیان لێبگیرێت و خێزان و كۆمەڵگە قبوڵیان بكەن".

لۆگۆكانی ئەو كۆمەڵەیە بەسەر دیواری چەند قوتابخانەیەكی سلێمانییەوە هەن. تانیا دەڵێت: "ئێمە لەكاتی هاتنی داعش، بەهۆی خراپیی دۆخی دەروونیی خەڵك، داوامان لە پەروەردە كرد رێگەمان بدات لەبری تۆپ و تانك، وێنەی گوڵ بكەین بەسەر خەڵكدا و لە بەشێكی كەمیشدا وێنەی ئەم كۆمەڵەیە بكەین كە تاكی كۆمەڵگان و پێویستە جێیان بكرێتەوە، ئەوانیش قبوڵیان كرد".


پزیشكانی دەروونی چی دەڵێن؟

د.دانیاڵ سەعدی، پزیشكی پسپۆڕ لە نەخۆشییە دەروونییەكان دەڵێت "ئەم گرووپە لە خەڵك بەهۆی قبوڵنەكردنیان لەلایەن كۆمەڵگەوە، تووشی نەخۆشیی خەمۆكی دێن و زۆر جار خۆیان دەكوژن". 
د. دانیاڵ پزیشكە دەروونییەكان بە تاكە فریادڕەسی ئەو خەڵكانە دادەنێ و دەڵێت "بەهۆی ترس لە كۆمەڵگە بەشێكیان هانا بۆ پزیشكە دەروونییەكان دەبەن و پێیاندەڵێن متمانەمان تەنیا بە ئێوەیە، زۆر كەسیش چ لە رەگەزی پیاو چ لە ژن دێتە لامان كە هیچ كێشەیەكیان نییە، تەنیا هەندێكیان ژن (لێسبییەن)ن و هەندێك پیاویش (گەی)ن، بەهۆی ترس و دروستبوونی كێشە بۆیان لەناو خێزان و كۆمەڵگا ناوێرن تەعبیر لەخۆیان بكەن و زۆربەیان تووشی خەمۆكی دەبن و ئەم نەخۆشییەش هۆكارێكە بۆ خۆكوشتن".